Accessibility links

پەمپیۆ داوا لە وڵاتانی کەنداو دەکات کەلێنەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی ناکۆکییەکانی نێوان قەتەڕ و وڵاتانی کەنداو زۆری خایاند و هەڕەشەیە بۆ سەر یەکیەتی ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران.

جێی ئاماژەیە لە مانگی حەوتی ساڵی 2017 دا سعودیە و ئیماڕات و بەحرەین و میسڕ پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بڕی و قەتەڕیان بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئێراندا تۆمەتبار کرد، لەلای خۆشیەوە دەوحە هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

ئەمەریکا هاوپەیمانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوە کە شەش وڵات لە خۆدەگرێت و پێی وایە ئەم ناکۆکییەی نێوان قەتەڕ و وڵاتانی کەنداو هەڕەشەیە بۆ سەر هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ ڕێگەگرتن لە زیادبوونی دەسەڵاتەکانی ئێران و هەوڵیش دەدات بەرەیەکی یەکگرتووی کەنداو پێک بهێنێت.

پەمپیۆ لەمیانەی سەردانە هەشت ڕۆژییەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ وتی " کاتێک کێشەیەکی هاوبەشمان دەبێت، ناکۆکییەکانی نێوان ئەو وڵاتانەی کە هەمان ئامانجیان هەیە شتێکی بەسوود نیە."

وتیشی " هەرگیز ڕێگە نادەین ئەو ناکۆکیانە بڕیار بدەن لەسەر دوژمنە هاوبەشەکان یاخوود کێشە هاوبەشەکان."

پەمپیۆ وتیشی " هیوادارین لە ماوەی ڕۆژ و هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا یەکیەتی نێوان ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو زیاتر ببێت."

سعودیە و ئیمارات چەند جارێک دووپاتیان کردۆتەوە بۆ ئەمەریکا کە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا کاریگەری لەسەر هاریکاری بەرگری نابێت.

دواتر پەمپیۆ وتی لەگەڵ بەرپرسانی بەحرەین و ئیمارات و میسڕدا قسەی لەسەر بابەتەکە کردووە و وتیشی " بەداخەوە وادیار نیە چارەسەری ئەم ناکۆکییانە نزیک بێت لێمان وەکو چۆن پێشتر لێمانەوە نزیک بوو."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG