Accessibility links

وەزیری دەرەوە هەولدەدات هاوپەیمانان لە هەڵوێستی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕەفتاری ئیران ئاگادار بکاتەوە


پامپێۆ گوتی بە بێ چارەسەرکردنی کەم و کوورییەکانی ڕێکەوتنی ناوکی، سەرۆک تڕامپ ڕەنگە بڕیار بدات ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە بێتە دەر.

مایک پاپمێۆ وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریکا لە سەردانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ ئەوەی لە گەڵ کاربەدەستانی باڵای عەڕەبستانی سعودی، ئیسڕایل و ئوردون، سێ هاوپەیمانی سەرەکی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، سەبارەت بە هەڵویستی ترامپ بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی دوا.

بەڕێز پامپێۆ کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەیی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ سەردانی بڕوکسڵی کرد، لە دەمێکدا خەریکی درێژەدان بە سەردانەکەی بوو کە سەرۆک تڕامپ هەڵوێستی نوێی ئەمەریکای سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناوکی لە گەڵ ئێران زیاتر دەخاتە ڕوو.

سەرۆک تڕامپ رۆژی هەینی لە کۆنفڕانسێکی پەیامنێری دا بە بەشداری سەرۆکی حکومەتی ئاڵمان گوتی: "دەبێت دڵنیابین ئەو ڕژیمە خوێنڕێژە دەستی بە چەکەکانی ناوکی ڕانەگات."

سەرۆک تڕامپ، پرۆگرامی موشەکەکانی باڵستیکی کۆماری ئیسلامی، هەوڵەکان بۆ ناسەقامگیری لە ناوچەکە، بە تایبەتی لە سوریا و یەمەن، و سنووردارکردنی کات بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی یورانیوم کە لە ڕێکەوتنی ناوکی داهاتووە وەک هەڵەیان دەبینیت کە بە بێ چاککردنی ئەوان مانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکەدا بە پێچەوانەی ئاسایشی ئەمەریکا و جیهان دەبێت.

ئەو هەروەها رۆژی هەینی جەختی کرد کە ڕێگای بە کۆماری ئیسلامی ئێران نادات کاتێک ئەمەریکا لە ڕێکەوتنی ناوکی هاتە دەر، سەرلەنوێ هەوڵی دووبارە بۆ سازکردنی چەکەکانی ناوکی بدات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی دا گوتی بە بێ چارەسەرکردنی کەم و کوورییەکانی ڕێکەوتنی ناوکی، سەرۆک تڕامپ ڕەنگە بڕیار بدات ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە بێتە دەر.

پامپێۆ گوتی: "تیمی ئێمە خەریکی کارکردنە و دڵنیام وتووێژی زۆرمان دەبێت تا ئەوەیکە سەرۆک تڕامپ سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوکی ڕوونی کردۆتەوە، بە کردەوە جێ بە جێ بێت. بە بێ چارەسەرکردنی کەم و کووڕییەکان و گرفتەکانی ڕێکەوتنەکە، وێناچێت سەرۆک تڕامپ دوای دوازدەی مانگی پێنج لە ڕێکەوتنەکەدا بمێنێتەوە."

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، فەڕانسە، بەریتانیا و ئاڵمان کە جەخت دەکەن ڕێکەوتنەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، لە پێشنیازکردنی گەڵالەیەکی نوێ نزیک بوونەتەوە کە دەڵێن وا دەکات سەرۆک تڕامپ بێنیتە سەر ئەو باوەڕە کە لە ڕێکەوتنەکەدا بمێنێتەوە.

XS
SM
MD
LG