Accessibility links

پەمپێۆ دەڵیت تا کاتێک ئێران توند و تیژی وەلانەنێت گوشارەکانی ئابووری هەر بەردەوام دەبن


مایک پەمپێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
مایک پەمپێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

ئەو لە لێدوانەکەیدا ئاماژە بە بەردانەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەکات و گوتی ئەمەریکا هیچ گومانێکی نیە کە ئێران ئەو فڕۆکەیەی لە ئاوەکانی نێونەتەوەیی خستە بەر هێرش.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا، بەڕاستی نەزانی کە لە ڕێگەی وڵاتی عەمانەوە پەیامیان بۆ ئێران ناردبێت و جەختی کرد کە تا کاتێک حکومەتی ئێران توند و تیژی وەلانەنێت "هەڵمەتی گوشارەکانی ئابووری بۆ سەر حکومەت" هەروا توندتر دەبێت.

ئەو لێدوانەی مایک پەمپێۆ کە شەمە بڵاوبۆتەوە سێ بەند لە خۆ دەگرێت. ئەو لە پێشەکی دا، ناردنی پەیام بۆ ئێران لە ڕێگەی عەمانەوە بە ڕاست نازانێت و ڕایگەیاند: "سەرۆک تڕامپ پەیامێک بۆ وتووێژ لە گەڵ ئێران لە ڕێگەی عەمانەوە نەنارد. هەڵوێستی ئێمە بە تەواوی ڕوونە. ئێمە لە کاتی گونجاودا دەمانەوێت لە گەڵ ئێران هەڵس و کەوت بکەین."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانەکەی بە ئاماژە بە کاردانەوەی نەرێنی کۆماری ئیسلامی بە "دیپڵۆماسی ئەم دواییانە و مێژوویی" شینزۆ ئابێ، سەرۆک وەزیری ژاپۆن، هێرش بۆ سەر نەوتکێشی ژاپۆنی لە دەریای عەمان و بەردانەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا لە "ناوچەی ئاوەکانی نێونەتەوەیی"، پشتڕاست کرد و گوتی "تا کاتێک کۆماری ئیسلامی دەست لە توند و تیژی هەڵنەگرێت و دیپڵۆماسی ئێمە بە دیپڵۆماسی وەڵام نەداتەوە، تەریک خستنەوەی دیپڵۆماتی و هەڵمەتی گوشارەکانی ئابوری بۆ سەر ئێران توندتر دەبێت."

وەزیری دەرەوە لە بەندی دووهەمی لێدوانەکەی ئاماژە بە بەردانەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەکات و گوتی ئەمەریکا هیچ گومانێکی نیە کە ئێران ئەو فڕۆکەیەی لە ئاوەکانی نێونەتەوەیی خستە بەر هێرش.

پەمپێۆ گوتیشی ئەو نەخشانەی بە دەست کێشراونەوە و وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕێگای توئیتری خۆی بڵاوی کردوونەوە هیچ بایخێکیان نیە و "ئەوە دووهەمین جار لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودایە کە ئێران هێرش بۆ سەر فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا دەبات."

هەروەها لە بەندی سێی لێدوانەکەی ئەوە کە سەربازانی ئەمەریکایی پێگەی ئاسمانیان لە عێراق دا چۆلکردوە بە راست نەزانی و گوتی کە لە بەڕێوەبەرایەتی تڕامپ دا ئەمەریکا زیاتر لە هەموو کاتێک بەڵێندار بە پشتیوانی لە هاوپەیمان و لایەنەکانی خۆیەتی.

ئەو گوتیشی کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی دەزانن ڕاستی تاڵە و هەر بۆیەشە پەنایان بۆ توند و تیژی و دەرخستنی زانیاری نادروست بردووە.

XS
SM
MD
LG