پەرلەمانی پۆڵەندا ڕۆژی دووشەممە پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد بۆ چاکسازیکردن لە دادگایەکی دەستووریی مشتومڕ لەسەردا کە هێشتا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو نەتەوە پەرستانەدایە کە پێشتر لە دەسەڵاتدا بوون.
بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، پڕۆژە یاساکە پێویستی بەوەیە لەلایەن سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دوداوە واژۆ بکرێت. دودا هاوپەیمانی ئەو نەتەوە پەرستانەیە کە پێشتر لە دەسەڵاتدا بوون.
دادگا دەستوورییەکە سەرچاوەی ململانێی نێوان حکومەتەکەی پارتی یاسا و دادپەروەریی ڕاستڕەوی پۆڵەندا و بڕۆکسل بووە، باوەڕوایە دادگاکە زیانی گەیاندبێت بە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری پۆڵەندا و دەسەڵاتەکانی پارتەکەی بەسەر دادگاکاندا زیاتر کردبێت.
لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا دادگای دەستووری پۆڵەندا چەندین جار ڕووبەڕووی سەروەریی یاسای یەکێتی ئەوروپا بووەتەوە بەسەر یاسای نیشتیمانیدا. دادگاکە پێی باشتر بووە یاسای نیشتیمانی سەروەر بێت لە وڵاتەکەدا.
سەرۆکی پەرلەمانی پۆڵەندا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمڕۆ پەرلەمان هەنگاوێکی گەورەی نا بۆ پێشەوە " بەرەو دووبارە دامەزراندنەوەی سەروەریی یاسا لە پۆڵەندادا.
پڕۆژە یاساکە داوا دەکات دادوەرانی دادگای دەستووری لەلایەن سێ – پێنجی زۆرینەی دەنگەکانەوە هەڵبژێردرێن، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی دەنگی ئۆپۆزسیۆنیش، ئەمەش پێچەوانەی ئێستایە کە بە زۆرینەی دەنگ هەڵدەبژێردرێن.
سەرۆکی پەرلەمانی پۆڵەندا داوای لە سەرۆکی وڵاتەکە کرد پڕۆژەکە پەسەند بکات و واژۆی بکات تاوەکو ببێتە یاسا و سیستمی دادوەریی وڵاتەکە " چاک بکاتەوە " کە لە بەڕێوبەرایەتییەکەی پێشووەوە بە خراپی بۆیان ماوەتەوە.
وتیشی ئەگەر سەرۆک کە هاوپەیمانی پارتەکەیە، ڤیتۆ دژی پڕۆژەکە بەکاربهێنێت، ئەوا هیچ بژاردەیەک نابێت جگە لە چاوەڕێکردن تاوەکو ساڵی داهاتوو سەرۆکێکی دیکە بۆ وڵاتەکە هەڵدەبژێردرێت.
لە دوای ئەوەی لە مانگی دوانزەدا دەسەڵاتی گرتە دەست، حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری پۆڵەندا دانۆڵد تەسکی لایەنگری یەکێتی ئەوروپا هەوڵیداوە سیاسەتەکانی حکومەتەکەی پێشوو هەڵبوەشێنێتەوە کە یەکێتی ئەوروپا ئەو سیاسەتانەی بە پاشەکشەکردن لە دیموکراسی ناوبردووە.
لە مانگی دوودا بڕۆکسل بە فەڕمی پارەکەی یەکێتی ئەوروپای بۆ پۆڵەندا پەسەند کرد، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئەو پارەیە ڕاگیرابوو بەهۆی حکومەتەکەی پارتی ڕاستڕەوی یاسا و دادپەروەرییەوە. پێدانی پارەکە لە ئێستادا دوای ئەوە دێت کە وارشۆ بەرەوپێشچوونی کردووە لە چاکسازییەکاندا لە سیستمی دادوەریی وڵاتەکەدا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا