Accessibility links

پۆڵەندا: چەکداری زیاتری گروپی ڤاگنەر لە سنووری پۆڵەندا نزیک دەبنەوە


سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش ماورۆڤیستکی
سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش ماورۆڤیستکی

سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش ماورۆڤیستکی ڕایگەیاند گروپێکی سەد سەربازیی لە گروپی ڤاگنەری ڕووسیاوە لە شاری گرۆدنۆی بێلاڕووس نزیکتر بوونەتەوە کە دەکەوێتە نزیک سنووری پۆڵەنداوە.

پۆڵەندا کە لە ساڵی 1999 ەوە ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆیە، نیگەرانە سەبارەت بە ئەگەری پەلکێشانی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بۆ ناو خاکەکەی.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا پۆڵەندا دەستیکرد بە ڕەوانەکردنی زیاتر لە 1000 سەرباز بۆ ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، ئەوەش لە نێوەندی نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە بوونی چەکدارانی ڤاگنەر لە بێلاڕووس و ئەگەری ئەوەی بوونییان ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لەسەر سنوورەکەی.

ماورۆڤیستکی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە وتی " دۆخەکە بە شێوەیەکی بەرچاو مەترسیدار بووە، پێدەچێت چەکدارانی گروپی ڤاگنەر وەکو پاسەوانی سنووری بێلاڕووس خۆیان دەربخەن و یارمەتی کۆچبەرە نایاساییەکان بدەن بێنە ئەمدیوی پۆڵەنداوە و پۆڵەندا ناجێگیر بکەن."

وتیشی " ڕەنگە وەکو کۆچبەری نایاسایی خۆیان پیشان بدەن و هەوڵ بدەن بێنە ناو پۆڵەنداوە، ئەوەش مەترسی زیاتر دروست دەکات."

بەڵام ئاماژەی بە سەرچاوەی زانیارییەکانی نەدا سەبارەت بە جووڵەکانی ڤاگنەر، دامەزرێنەری پڕۆژەی هاخونی ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕووس ئانتۆن مۆتۆڵکۆ کە چاودێری چالاکییە سەربازییەکان دەکات لە بێلاڕووسدا، بە ڕۆیتەرزی وت هیچ بەڵگەیەکییان نەبینیوە لەسەر ئەوەی گروپی ڤاگنەر لە گرۆدنۆ نزیک بووبێتنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG