Accessibility links

وەزیری بەرگری پۆڵەندا: وڵاتەکە بەنیازە فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 ی ئەمەریکی بکڕێت


وەزیری بەرگری پۆڵەندا ماریۆش بلاشتاک وتی وڵاتەکەی بەنیازە 32 فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 ی ئەمەریکی بکڕێت کە کۆمپانیای لۆکهید مارتن بەرهەمیان دەهێنێت تاوەکو شوێنی ئەو فڕۆکە جەنگیانەی پۆڵەندا بگرنەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی سۆڤییەت.

بلاشتاک وتی " ئەمڕۆ داوایەکمان ناردووە بۆ هاوبەشە ئەمەریکییەکانمان بۆ دەستکەوتنی نرخی 32 فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 و پلانی ڕێکخستنە لۆجیستیەکی و مەشقەکان."

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا مانگی ڕابردوو وتی بەنیازە فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییە ئێف 35 ەکانی بۆ پێنج وڵاتی دیکە فراوانتر بکات کە پۆڵەنداشی تێدایە، ئەمەش لەکاتێکدایە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئەمەریکا هەوڵدەدەن بەرگریی وڵاتەکانیان بەهێزتر بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕوسیا کە تا دێت بەهێزتر دەبێت.

جێی ئاماژەیە پۆڵەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە سەدا 2 ی خەرجی بەرگری هاوپەیمانێتی ناتۆی دابین کردووە. وارشۆ لە ساڵی 2017 دا ڕازیبوو بەزیادکردنی خەرجی بەرگری لە لەسەدا 2 ەوە بۆ لە سەدا 2.5.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا وتی فرۆشتنی چەکی ئەمەریکی بە وڵاتانی بیانی لە سەدا 13 زیادیکردووە. نرخی فڕۆکەیەکی ئێف 35 ی ئەمەریکی نزیکەی 85 ملیۆن دۆلارە.

بلاشتاک لە بەیاننامەیەکدا وتی پۆڵەندا سەرکەوتووە بووە لە ڕازیکردنی ئەمەریکا تاوەکو بوونی سەربازیی خۆی لە خاکی پۆڵەندادا زیاد بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG