Accessibility links

وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا دەڵێت وڵاتەکە ئاسایشی سنوورەکەی لەگەڵ بێلاڕووسدا پتەوتر دەکات


پۆڵەندا ڕایگەیاند 500 ئەفسەری پۆلیس ڕەوانەی سنووری وڵاتەکە لەگەڵ بێلاڕووسدا دەکات، ئەوەش لە پێناو پتەوکردنی سنوورەکەدا و خۆگونجاندن لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە بێلاڕووسەوە دەپەڕنەوە بۆ پۆڵەندا، هاوکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەکیش، ئەوەش دوای ئەوەی گروپی سەربازیی بەکرێگیراوی ڤاگنەری ڕووسیا گواستییانەوە بۆ بێلاڕووس.

وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا ماریوش کامینسکی لە هەژماری خۆی لە تویتەر نوسیویەتی " بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی سنووری وڵاتەکە لەگەڵ بێلاڕووسدا، بڕیارمدا بە 500 ئەفسەری پۆلیس هێزەکانمان پتەوتر بکەم، ئەفسەرەکان لە یەکەکانی دژە تیرۆرەوە دەبن."

وتی هێزەکەی پۆلیس دەچنە پاڵ 5000 پاسەوانی سەر سنوور و 2000 سەرباز کە سنوورەکە دەپارێزن.

لە ساڵی 2021 ەوە پۆڵەندا بێلاڕووس تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی دروستکردنی قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە، ئەوەش لە ڕێی هێنانی خەڵکەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکاوە و ناچارکردنییان بۆ ئەوەی سنووری پۆڵەندا ببەزێنن.

پۆلیسی سنووری پۆڵەندا وتی ڕۆژی شەممە 187 کەس هەوڵییانداوە بە شێوەیەکی نایاسایی لە بێلاڕووسەوە بپەڕنەوە بۆ پۆڵەندا، لەم چەند مانگەی ڕابردووشدا ژمارەی ئەو کۆچبەرانە زیادییان کردووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ژمارەکان زۆر کەمترن بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2021 دا.

هاوکات پۆڵەندا نیگەرانە سەبارەت بە بوونی گروپی سەربازیی بەکرێگیراوی ڤاگنەری ڕووسیا لە بێلاڕووس، جێگری وەزیری خزمەتگوزارییە تایبەتەکانی پۆڵەندا ستانیسلۆ زارین بە ڕۆیتەرزی وت زیادکردنی ئاسایشی سەر سنوورەکە وەڵامێکیشە بۆ گواستنەوەی ڤاگنەری ڕووسیا بۆ بێلاڕووس.

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بڕیاریدا ئەو چەکدارانەی ڤاگنەر کە نایانەوێت گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ڕووسیادا واژۆ بکەن دەتوانن بگوازنەوە بۆ بێلاڕووس، ئەم بڕیارەش ترس و نیگەرانی لە نێو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناتۆدا دروست کردووە و پێیان وایە بوونی ڤاگنەر لە بێلاڕووس دەبێتە هۆی ناجێگیرترکردنی دۆخی ناوچەکە.

زارین لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە بە ڕۆیتەرزی وت " هێشتا بابەتەکە لە شیکاری و گریمانەدایە کە ئایا گروپی ڤاگنەر دەستییان دەبێت لە ناجێگیرکردنی پۆڵەندادا یاخود چالاک دەبن لە هەماهەنگیکردن لە ڕێڕەوی کۆچدا یاخود نا."

وتی " پێمان وایە ڤاگنەر بۆ خۆڕێکخستنەوە ناچن بۆ بێلاڕووس، بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێک دەچن. ئەم ئەرکە دەکرێت ئامانجەکەی پۆڵەندا، لیتوانیا یاخود ئۆکرانیا بێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG