Accessibility links

سەرۆکی پیرۆ دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند


سەرۆکی پیرۆ مانوێل میرینۆ دوای پێنج ڕۆژ لە دەستبەرکاربوونی وەکو سەرۆکی وڵاتەکە دەستی لەکارەکەی کێشایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە داوایان کرد دەستبەرداری پۆستەکەی بێت.

دەست لەکارکێشانەوەی میریۆ دوای دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمان هات کە تیایدا داوای لێکرا دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە ئەگەر نا ئەوا ڕووبەڕووی ڕێوشوێنی یاسایی دەبێتەوە.

میرینۆ لە وتارێکدا لەمیانەی خۆپیشاندانە توندوتیژەکانی وڵاتەکەدا کە بووە هۆی کوژرانی 3 کەس و برینداربوونی نزیکەی 100 کەسی دیکە وتی " دەمەوێت بە سەرتاسەری وڵاتەکە ڕابگەیەنم دەست لەکارکێشانەوەی خۆم پێشکەش دەکەم."

ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی پیرۆ سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە مارتن فیزکارای لەکارەکەی دوورخستەوە، ئەمەش لەسەر ئەوەی لە ساڵی 2014 دا فیزکارا کاتێک فەرمانڕەوای ویلایەتێک بووە بەرتیلی وەرگرتووە.

دوورخستنەوەی فیزکارا بووە هۆی ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان مانوێل میرینۆ ببێتە سەرۆکی وڵاتەکە، ئەوەش بووە هۆی کەوتنەوەی خۆپیشاندان لە وڵاتەکەدا و هەزاران کەس لە لیمای پایتەخت و شارەکانی دیکە ناڕەزاییان دەربڕی و داوایان کرد دەستبەرداری پۆستەکەی بێت.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆک وەزیری پیرۆ فلۆریس ئاراوز بەدووریزانی سەرۆک لەژێر فشاری خۆپیشاندانەکاندا دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە و وتی " بیری لە دەست لەکارکێشانەوە نەکردۆتەوە چونکە ملیۆنان خەڵکی پیرۆ پشتیوانی لێدەکەن، بەڵام بەداخەوە لە ماڵەکانیان ماونەتەوە و داوایان لێناکەم بێنە دەرەوە."

دوای ئەوەی لەمیانەی خۆپیشاندانەکاندا دژی میرینۆ سێ خۆپیشاندەر کوژران و سەدانی دیکە برینداربوون، پەرلەمانی پیرۆ کاتێکی دیاریکرد بۆ میرینۆ تاوەکو دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە.

دانیشتوانی لیمای پایتەختی پیرۆ بەهۆی دەست لەکارکێشانەوەی میرینۆوە ڕژانە سەر شەقامەکان و ئاهەنگی خۆشیان گێڕا.

جێی ئاماژەیە پیرۆ زۆرترین زیانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەمەریکای لاتین بەرکەوتووە، نزیکەی 35,000 حاڵەتی گیان لەدەستدان لەو وڵاتەدا تۆمارکراون کە ئەوەش بەپێی ژمارەی دانیشتوانەکەی زۆرترین ڕێژەی گیان لەدەستدانە لە سەرانسەری جیهاندا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG