Accessibility links

سەرۆک ترامپ: هەرگیز ئەمەریکا لە ئاست تێرۆردا چۆک دانادات


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی هێرشەکانی سێپتێمبەری ساڵی 2001 ی بیرناچێتەوە و هەرگیز لە ئاست تێرۆردا چۆک دانادات.

سەرۆک ترامپ و مەڵانیا ترامپی خانمی یەکەمی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە لە 16 هەمین ساڵیادی ئەو هێرشانە بەشداریـیان لەو مەراسیمەدا کرد کە بۆ ئەم ساڵیادە لە وەزارەتی بەرگری لە نزیک واشنتنی پایتەخت سازکرا.

سەرۆک ترامپ وتارێکی پـێشکەش کرد و تیایدا گوتی ئەو یادەوەریـیە تاڵ و تاریکە بۆ هەمیشە لە هزری ئەمەریکایـیەکاندا هەڵکۆڵراوە. ڕووی لە کەسوکاری قوربانیـیەکان کرد و گوتی " ناتوانین خەمەکانتان بڕوێنینەوە یان خۆشەویستەکانتان بۆ بگێڕینەوە، بەڵام دەتوانین یادەوەریـیان بەرز ڕابگرین و بە پاراستنی خەڵک و وڵاتەکەمان پاداشتیان بدەینەوە."

جەختی لەوەش کرد ئەمەریکا لە شەڕی گروپە تێرۆرستیـیەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو دڵنیاببێت لەوەی هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ تێرۆرستان نیـیە. گوتی"هیچ شوێنێـک لەسەر ڕووی زەوی نیـیە دەستمان نەیگاتێ و ببێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ تێرۆرستان."

باسی لەوەش کرد ئەم هێرشانەی 11 ی سـێپتێمبەر لەو هێرشەی کرایە سەر پـێرڵ هاربەر لە سەردەمی شەڕی جیهانی دووەم خراپـتر بووە، چونکە لەم هێرشانە خەڵکی سیڤیل و بێ تاوان کرانە ئامانج.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە بەیانی ڕۆژی 11 ی مانگی نۆی ساڵی 2001 کۆمەڵێـکی سەر بە ئەلقاعیدە کە ژمارەیان 19 کەس بوو 4 فڕۆکەی نەفەر هەڵگریان ڕفاند لەو کاتەی بە ئاسمانەوە بوون و بڕ لە خەڵکی سیڤیل بوون. دوو لە فڕۆکەکانیان کێشا بە هەردوو تاوەرە بەرزەکەی نیویۆرک کە ناوەندی بازرگانی جیهانیان تیادابوو، وە فڕۆکەیەکیشیان کێشا بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، بەڵام یەک لە فڕۆکەکان لە ناوچەیەکی ویلایەتی پەنسلڤانیا کەوتە خوارێ. لە ئەنجامدا نزیکەی 3 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 6 هەزار کەسی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG