Accessibility links

ئۆستن: 20 وڵات یارمەتی نوێی ئاسایش دەنێرن بۆ ئۆکرانیا


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن دەڵێت نزیکەی 20 وڵات یارمەتی نوێی ئاسایش دەنێرن بۆ ئۆکرانیا.

ئۆستن لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " زۆرێک لە وڵاتان تەقەمەنی تۆپهاوێژ و سیستمی بەرگری کەناراوەکان و تانک و ئوتومبێلی دیکەی زریپۆش دەبەخشن بە ئۆکرانیا. وڵاتانی دیکەش هاتوونەتە سەر خەت بۆ پێدانی مەشق بە هێزەکانی ئۆکرانیا و درێژەپێدان بە سیستمە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە."

دانیمارک دەڵێت هەڵدەری موشەکی هاڕپۆن دەدات بە ئۆکرانیا و کۆماری چیکیش کۆپتەر و تانک و سیستمی موشەکی دەداتێ.

جەنەڕاڵی باڵای سوپای ئەمەریکا مارک مایڵی وتی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممە 47 وڵات بەشدارییان تێدا کردووە و کۆبوونەوەکە لەڕێی ڤیدیۆوە بووە، نەمسا و کۆڵۆمبیا و ئێرلەنداش لەنێو ئەو وڵاتانەدا بوون کە تازە بەشدارییان کردووە.

کۆبوونەوەکە بە گروپی پەیوەندییەکانی بەرگری ئۆکرانیا ناسراوە و کۆبوونەوەی دواتری گروپەکە لە 15 ی مانگی شەشدا لە بڕۆکسل بەڕێوەدەچێت.

ئۆستن وتی " هەمووان لێرە لە مەترسییەکانی ئەم جەنگە تێدەگەن، مەترسییەکان لەسەروو ئەوروپاشەوەن."

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن " دەبێت باجێکی گەورە بدات لەسەر کارە دڕندانەکانی لە ئۆکرانیا."

سەرۆک بایدن لە ژاپۆنەوە ئاماژەی بە گرنگیی ناردنی پەیامێک کرد بۆ ڕووسیا و سەپاندنی سزایەکی درێژخایەن بەسەر ئەو وڵاتەدا.

وتی " ئەگەر لەدوای ئەو هەموو شتەوە کە لەوێ کردوویەتی نزیکبوونەوەیەک هەبێت لەنێوان ئۆکرانیا و ڕووسیادا و سزاکانی سەر ڕووسیا بەردەوام نەبن، کەواتە ئەمە چی ئاماژەیەک دەنێرێت بۆ چین کە هەوڵ دەدات لەڕێی بەکارهێنانی هێزەوە تایوان بگرێت؟"

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا داوای زیادکردنی فشارەکانی کرد بۆ سەر ڕووسیا، لە وتارێکیدا بۆ کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس وتی دەبێت هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا قەدەغە بکرێت و مامەڵەکان لەگەڵ بانکەکانی ڕووسیادا قەدەغە بکرێن و سەرجەم بازرگانییەکان لەگەڵ ڕووسیادا ڕابگیرێن.

یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیای کردووە، بەڵام هەندێک وڵاتی یەکێتییەکە بەتەواوەتی پشتیان بە نەوتی ڕووسیا بەستووە و ئەمەش وایکردووە جێبەجێکردنی پێشنیارەکە قورس بێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG