Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ئەمەریکا ئامادەیە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی بکات


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس لە نێوەندی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێراندا وتی وڵاتەکەی ئامادەیە پارێزگاری لە سەرباز و هاوڵاتیانی ئەمەریکا بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەم لێدوانەی پێنس هاوکات بوو لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێراندا بۆ زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم و هەنگاوی زیاتر کە پێدەچێت ڕێکەوتنە ناوەکییەکە لەناوببات.

پێنس وتی " با بە ڕوونی پێتان بڵێم، پێویستە لەسەر ئێران ئەم دان بەخۆداگرتنەی ئەمەریکا بە لاوازی دانەنێت."

وتیشی " ئێمە هیواداری باشترین بەڵام ئەمەریکا و هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن پارێزگاری لە بەرژەوەندیی و تاکەکانمان و هاوڵاتیانمان بکەن لە ناوچەکەدا."

وتیشی واشنتن لەڕێی سزاکانەوە بەردەوام دەبێت لە فشارەکانی بۆ سەر ئێران، ئاماژەشی بەوەدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ " هەرگیز ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکیی."

لەلایەکی دیکەوە سەرکردەی سوپای پاسدارانی ئێران وتی جیهان دەزانێت کە ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی نادات.

دەزگای هەواڵی تەسنیم لە زاری سەرکردەی سوپای پاسدارانی ئێران حسێن سەلامییەوە بڵاویکردەوە " بۆچی سزای نێودەوڵەتیمان بەسەردا دەسەپێنن لەکاتێکدا جیهان دەزانێت کە ئێمە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیی نادەین؟ لەڕاستیدا ئەوان سزامان دەدەن بەهۆی ئەوەوە کە چەکی ناوەکیی هیچ شوێنێکی نیە لە ئیسلامدا. ئیسلام هەرگیز دان بە چەکی کۆمەڵکوژدا نانێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG