Accessibility links

پیڵۆسی: بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ویلایەت و شارەکانی ئەمەریکا پێویستیان بە 1 تریلیۆن دۆلار دەبێت


سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی وتی ویلایەت و شارەکانی ئەمەریکا پێدەچێت پێویستیان بە 1 تریلیۆن دۆلار ببێت تاوەکو بتوانن بەرەنگاری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ببنەوە.

نانسی پیڵۆسی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە دیموکراتەکان تیایدا باڵا دەستن وتی ئەنجومەنەکە بەنیازە لە 11 ی مانگی پێنج کارەکانی دەست پێبکاتەوە، بەڵام ئەوەشی خستەڕوو دەکرێت ئەوە بگۆڕدرێت و ئەندامانی ئەنجومەنەکە " لەژێر بەزەیی ڤایرۆسەکەدا دەبن."

وابڕیارە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کە کۆمارییەکان تیایدا باڵا دەستن هەفتەی داهاتوو کارەکانیان دەست پێبکەنەوە.

پیڵۆسی وتی لە پڕۆژە یاسایکەی دواتری دیموکراتەکاندا بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی کۆرۆنا، ئەو بڕە پارەیە ناوەڕۆکی پڕۆژەکە دەبێت.

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەمین جارە پیڵۆسی بە ئاشکرا باس لە بڕە پارەیەکی وەها زۆر دەکات لەکاتێکدا کە باس لە یارمەتیدانی ویلایەت و شارەکانی ئەمەریکا دەکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. فەرمانڕەوای ویلایەتەکانی ئەمەریکا داوای 500 ملیار دۆلاریان کردووە بۆ یارمەتیدانیان لە دابینکردنی خەرجی تەندروستی گشتی و یارمەتیدانی هاوڵاتیان تاوەکو بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG