Accessibility links

فەڵەستینیەکان چارەسەرە ئابوورییەکانی ئەمەریکا ڕەت دەکەنەوە


ڕابەرانی فەڵەستینی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیان تۆمەتبار کرد بەوەی بە دەستێک سزایان دەدات و بە دەستەکەی دیکە خەڵاتیان دەکات، ئەمەش لەکاتێکدا خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی لە بەشی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە ڕژانە سەر شەقامەکان و دژایەتی پلانە ئابوورییەکەی ئەمەریکایان کرد بۆ فەڵەستین.

لە کۆنگرەکەی بەحرەیندا کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات، ڕاوێژکاری باڵای کۆشکی سپی جارێد کوشنەر داوای لە ڕابەرانی فەڵەستین کرد کە کۆنگرەکەیان ڕەت کردۆتەوە " لە دەرەوەی بازنەکە بیر بکەنەوە " و بیر لە پلانی 50 ملیار دۆلار بکەنەوە بۆ بەهێزکردنی ئابووری فەڵەستین و ئابووری وڵاتانی ناوچەکە.

بەڵام بەرپرسانی فەڵەستینی وتیان سەرۆک ترامپ بۆتە هۆی زیادبوونی قورساییەکانی سەر فەڵەستینیەکان بەوەی کە سەدان ملیار دۆلار یارمەتی بۆ ڕێکخراوە مرۆییەکانی سەرتاسەری بەشی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە ڕاگرت.

بەرپرسی باڵای ڕێکخراوی تەحریری فەڵەستینی حەنان عەشراوی وتی " ئەگەر ئەمەریکا بەو ڕادەیە گرنگی دەدات بە خۆشبەختی فەڵەستین کەواتە بۆچی ئەو ڕێوشوێنانە دژی ئێمە دەگرێتەبەر ؟"

وتیشی " بۆچی بنچینەی سەرەکی فەڵەستینیەکان دەکەنە ئامانج؟ بۆچی پێدانی مافی خوێندن لە خوێندکارە فەڵەستینیەکان دەسەننەوە؟"

لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا واشنتن بڕیاریدا هەموو یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ ڕێکخراوی ئۆنروا بۆ کاروباری پەنابەرە فەڵەستینیەکان کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە ڕابگرێت. ئەمەریکا هەتا ئەو کاتە گەورەترین بەخشەر بووە بۆ ئەو ڕێکخراوە و لە ساڵی 2017 دا 364 ملیۆن دۆلاری دا بە ڕێكخراوەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG