Accessibility links

پۆلیسی فەڕەنسا گازی فرمێسک ڕژێن دژی خۆپیشاندەران بەکاردەهێنێت


پۆلیسی فەڕەنسا گازی فرمێسک ڕژێنی دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنا لە ناوەڕاستی پاریس، ئەمەش لەکاتێکدا جموجۆڵی هۆکارەکانی گواستنەوە تەواو پەکیان کەوت لە یەکێک لە گەورەترین خۆپیشاندانەکانی فەڕەنسادا کە ئامانج لێی ناچارکردنی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆنە تاوەکو دەستبەرداری پلانەکەی بێت بۆ چاکسازی لە سیستمی موچەی خانەنشیناندا.

ئەم خۆپیشاندانانە ماکرۆن ڕووبەڕووی سەندیکا بەهێزەکانی کار دەکەنەوە لە فەڕەنسا، ئەو سەندیکایانە دەڵێن ماکرۆن بەنیازە ئەو سیستمانە لەناوببات کە مافەکانی کرێکاران دەپارێزێت.

کرێکارانی هێڵە ئاسنینەکان دەنگیاندا لەبەرژەوەندی درێژکردنەوەی خۆپیشاندانەکان تاوەکو ڕۆژی هەینی، لەکاتێکدا سەندیکاکانی کار لەوانەش کۆمپانیای ئاڕ ئەی تی بی بۆ خزمەتگوزاری پاس و شەمەندەفەرەکان وتیان خۆپیشاندانەکان تاوەکو ڕۆژی دووشەممە بەردەوام دەبن.

ماکرۆن دەیەوێت سیستمی موشەی خانەنشینانی فەڕەنسی سادە بکاتەوە کە زیاتر لە 40 پلانی موچە دەگرێتە خۆی، لەوانەش دیاریکردنی تەمەنی موچە بەشێوەی جیاواز. ماکرۆن دەڵێت ئەم سیستمە دادپەروانە نیە و خەرجییەکی زۆری دەوێت.

ماکرۆن تەنها یەک سیستمی دەوێت کۆمەڵێک خاڵی دیاریکراوی تێدا بێت کە بەشێوەیەکی یەکسان ماف بدات بە خانەنشینان.

شایەتحاڵان بە ڕۆیتەرزیان وت هەزاران کەس لە ناوەڕاستی پاریس بەشداریان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە و دواتر خۆپیشاندەران ئاگریان بەردەواتە فارگۆنێک و لە وەڵامدا پۆلیس گازی فرمێسک ڕژێنی بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.

لیژنەی هێڵی ئاسنین وتی لە هەر 10 شەمەندەفەرێک تەنها یەک شەمەندەفەر کاردەکات. هەروەها هەردوو کۆمپانیای یۆرۆستار و تالیس بۆ خزمەتگوزاری شەمەندەفەر نیوەی خزمەتگوزارییەکانیان ڕاگرت کە شەمەندەفەرەکانیان پاریس بە لەندەن و بڕۆکسلەوە دەبەستنەوە.

هەروەها لیژنەی فڕۆکەوانی مەدەنی داوای لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کرد نزیکەی لە سەدا 20 ی گەشتەکانیان هەڵبوەشێننەوە بەهۆی شوێنەواری خۆپیشاندانەکانەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG