دزەکردنی زیاتر لە یانزە ملیۆن ئێمهیل، بەڵگەنامە و زانیاری تایبەتی کۆمپانیایەکی یاسایی پاناما به ناوی مۆساک فۆنسکا، دەریخستووە کە چۆن سیاسهتوانان، کەسایەتیە وهرزشی و دەوڵەمەندهکان ئەو وڵاتانەی رێژەی باجدان تێیاندا نزمە بەکاریان هێناوە بۆ شاردنەوەی سەروەت و سامانی خۆیان، واته بۆ پوڵ شۆردنهوه.
کۆمپانیای مۆساک فۆنسکا کۆمپانیایەکی راوێژکاری یاساییە و کاری کردووە بۆ ئەوەی دەیان کۆمپانیای وەهمی بتوانن لە رێگەی ئەوەوە به شیوهیهکی نایاسایی داراییەکانیان مامەڵە بکهن بێ ئەوەی هیچ باجێک بدەن.
ئەم بەڵگەنامانە کە بە لاپەڕە پاناماییەکان دەناسرێن، روونی دەکەنەوە کە چۆن ئەم کۆمپانیایە هاوکاری بەشداربووان و کڕیارەکانی کردووە کە بتوانن بە ئاسانیی پارە سپی بکەنەوە و یاساییەکانیش تێپەڕێنن بەبێ ئەوەی باج بدەن. بهڵام کۆمپانیاکە دەڵێت بۆ ماوەی چڵ ساڵە به یاسایی کاری کردووە و هەرگیز به تاوان تۆمەتبارنەکراوە.
بەپێی ئەم بەڵگەنامانە، زانیاری لەسەر 128 سیاسهتوان ئاشکرابووە که 12یان بەرپرسی ئێستا و پێشتری جیهان بوون. لەناو لیستی بەرپرسە باڵاکانی پێشوودا ناوی حوسنی موبارەک سەرۆکی پێشووی میسر، موعەمەر قەزافی، سەرۆکی پێشووی لیبی و ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆک کۆماری عیراق دهبینرێت.
بەڵگەنامەکان کاروباری رۆژانەی کۆمپانیای مۆساک فۆنسیکا لە ساڵی 1977 هەتا ساڵی 2015 واته بۆ ماوەی 40 ساڵی ڕابردوو دهگرێته خۆی. بەڵگەنامەکان دراونەتە رۆژنامەی زد دوێتچە سایتۆنگ ئەڵمانیا و ئهو ڕۆژنامەش دواتر لەگەڵ ICIJ دا هاوبەشی پێ کردووە.
بیبیسی و رۆژنامەی گاردین بەریتانیا لەنێوان 109 دەزگای ڕاگەیاندندی 76 وڵاتی جیهانن که شرۆڤە و بەدواداچوونهی ئهو بەڵگەنامەیان کردوه.
بۆ باس کردن له سهر لایهنه یاسایی و ئابووریهکانی ئهم بابهته له بهرنامهی ڕوانگه ئهمڕۆدا میوانداری بهڕێزان دۆکتور ئهنوهر جاف، مامۆستای یاسا له زانکۆی سلیمانی و دۆکتور کامهران ئهحمهد، مامۆستای ئابووری له زانکۆی سلێمانی دهکهین.