Accessibility links

بەرپـرسانی کەناڵی پەنەما دەڵێن ڕێگە لەو کەشتیانە ناگرن کە لە ڤەنزوێلاوە دێن


سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی کەناڵی پەنەما وتی بەردەوام دەبن لە ڕێگەپێدان بەو کەشتیانەی لە ڤەنزوێلاوە دێن و بە کەناڵەکەدا دەپەڕدەبن، بە مەرجێک بەڵگەنامەی پێویستیان پێبێت، ئاماژەشی بەوەدا ئەو سزایانەی ئەمەریکا سەپاندوویەتی بەسەر ڤەنزوێلا نابێت هیچ گۆڕانکاریـیەک دروست بکات لە هاتوچۆ بە کەناڵەکەدا.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هەفتەی ڕابردوو فەرمانێکی دەرکرد تیایدا سەرمایەی حکومەتی ڤەنزوێلا لە ئەمەریکا سڕدەکات. دواتر بەرپرسانی ئەمەریکا هەڕەشەیان لەو کۆمپانیایانە کرد کە مامەڵە لەگەڵ ڤەنزوێلادا دەکەن.

ئەو بڕیارەی ئەمەریکا سەرمایەی هەموو ئەو کەس و لایەن و کۆمپانیایانە لە ئەمەریکا سڕدەکات کە یارمەتی ماددی حکومەتەکەی سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ دەدەن.

سەرۆکی لیژنەی کەناڵی پەنەما خۆرخێ کیخانۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت پێویستە ئەو سزا و فشارانە کارنەکەنە سەر هاتوچۆ بە کەناڵەکەد اکە هەردوو دەریای ئەتڵەسی و هێمن بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

وتی " ئێمە پەیماننامەی بێلایەنیمان واژۆکردووە و ئەمەریکاش واژۆی کردووە. پێویستە بەردەوام بین لە پابەندبوونمان بەو بەرپرسیارێتییەوە، تا ئەو کاتەی پەیڕەوی یاساکانی یارییەکە دەکەن، یاساکانی یارییەکەش ئەوەیە ڕێڕەوەکە پارێزراوە."

جێی ئاماژەیە پەنەما دەیان کەشتی پەیوەست بە ئێران و سوریاوە لە لیستی کەشتیەکانیدا دەرکرد کە ئاڵای پەنەمایان هەڵکردبوو. هێزی دەریایی بەڕیتانیاش لە چیای تاڕیق دەستی گرت بەسەر یەکێک لەو کەشتیانەدا کە ئاڵای پەنەمای هەڵکردبوو و سەر بە ئێران بوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG