Accessibility links

ئیسرائیل دەڵێت قوتابخانەی غەزەمان نەکردوەتە ئامانج و لەوانەیە بەهۆی هێرشێکی ترەوە زیانی پێگەیشتبێت


ئیسرائیل رایگەیاند کە ئەو قوتابخانەیەی غەزە کە نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی دەکات، نەکردووەتە ئامانج و دەڵێت بەڵام ڕەنگە تەقینەوەکە لە ئەنجامی تۆپبارانی ئیسرائیل بووبێت بۆ سەر ئامانجێکی دیکەی نزیک لەو قوتابخانەیە.

لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵی سی ئێن ئێن سەبارەت بە هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند و گوتی "ڕاپۆرتێکیان پێگەیشتووە کە قوتابخانەیەک کەوتووەتە بەر بۆردمانەکان و بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، سوپای ئیسرائیل ئەو شوێنەی نەکردۆتە ئامانج، بەڵام ڕەنگە تەقینەوەکە لە ئەنجامی تەقەی دیکەدا بووبێت بۆ ئامانجێکی تر کە نزیک بووە لە قوتابخانەکە." گوتیشی "بارودۆخی ڕووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە."

فەڵەستینییەکانی دەسەڵاتدار لە غەزە هەواڵی هێرشێکی ئاسمانی کوشندەی ئیسڕائیلییان بڵاوکردەوە بۆ سەر قوتابخانەیەک لە باکووری غەزە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و لە ئێستادا بووەتە پەناگەیەک بۆ هاووڵاتییان.

شایەتحاڵان دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکە لە قوتابخانەی ئەل فەخورەی داوە لە جەبەلیە، کە هەزاران هاووڵاتی تێدا دەژی. بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی حەماس لە غەزە، محەمەد ئەبو سلمییە، وتی لانیکەم 15 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون.

کوڕێکی گەنج لە ڤیدیۆیەکدا کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە بە گریانەوە دەڵێت "لەوێدا وەستابووم کاتێک بۆردومانەکە ڕوویدا، لاشەیەک و لاشەیەکی دیکەی پارچە پارچە بووم بە دەستەکانی خۆم هەڵگرت. خودا تۆڵەم بسەنێت."

کەسێکی دیکە بە توڕەییەوە وتی "لە کەیەوە هێرشکردنە سەر پەناگەکان بووەتە شتێکی ئاسایی؟"

بەڕێوبەری پەیوەندییەکانی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەڵەستینی، جولیێت تومان، هەواڵی هێرشە ئاسمانییەکەی بۆ سەر قوتابخانەکە پشتڕاستکردەوە، کە دەکەوێتە ناوچەی شاری غەزەوە.

وتی منداڵ هەبوون لە نێو قوربانییەکاندا، بەڵام دەزگاکەی هێشتا نەیتوانیوە ژمارەی تەواوی کۆژراوان پشتڕاست بکاتەوە.

توما لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە بە ڕۆیتەرزی وت "لانیکەم هێرشێک داوییەتی لە حەوشەی قوتابخانەکە کە لەوێ خێمە بۆ خێزانەکان هەڵدرابوو. هێرشێکی دیکە لە ناو قوتابخانەکەی داوە کە ژنێکی لێبووە نانی دروست کردووە."

وەزارەتی تەندروستی غەزە وتی هێرشێکی موشەکی دیکەی ئیسڕائیل دوو ژنی لەبەردەم نەخۆشخانەی ناسڕی منداڵاندا کوشتووە، چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.

ڕۆژی پێنجشەممە هێزە پیادەکانی ئیسڕائیل گەمارۆی غەزەیاندا، ئەوەش دوای زیادکردنی بۆردومانەکانییان کە وەکو خۆی دەڵێت ئامانج لێی لە ناوبردنی حەماسە. هەموو ئەمانەش دوای ئەوەی لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشێکی کوشندەیان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و 1400 کەسییان کوشت و زیاتر لە 240 کەسی دیکەیان بە بارمتە گرت.

سەرچاوەیەکی نزیک لە هێرشەکانی حیزبوڵاوە وتی حیزبوڵا موشەکێکی بەهێزی هەڵداوە کە تاوەکو ئێستا لە شەڕەکاندا بەکارنەهێندراوە و شوێنێکی ئیسڕائیلییەکانی کردووەتە ئامانج لەسەر سنوورەکە.

ڕۆژی هەینی ڕابەری حیزبوڵای لوبنان وتی ئەگەر ئیسڕائیل بەردەوام بێت لە بۆردومانکردنی غەزە ئەوا ڕەنگە جەنگەکە پەرەبسەنێت.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لوبنان بڵاوییان کردەوە سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەری لوبنان نەجیب میقاتی لە ماوەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە ئوردن، جەختی لە پێویستییە بەپەلەکان کردووەتەوە بۆ ئاگربەست لە غەزە.

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن ڕایگەیاند بڕیارە بلینکن لە عەمانی پایتەختی ئوردن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سعودیە و قەتەڕ و ئیماڕات و میسڕدا کۆببێتەوە، هاوکات لەگەڵ نوێنەرە فەڵەستینییەکانیشدا کۆدەبیتەوە.

وەزارەتەکە وتی ڕابەرانی عەرەب جەخت لە " هەڵوێستی عەرەب دەکەنەوە بۆ ئاگربەستێکی دەستبەجێ، گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و دۆزینەوەی ڕێگاکان بۆ کۆتایی هێنان بە خراپتربوونی مەترسیداری دۆخەکە کە مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست کردووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG