Accessibility links

فەڵەستینییەکان لە باکووری غەززە هەڵدێن لە کاتێکدا ئیسڕائیل هێزەکانی ئامادە دەکات بۆ هێرشکردن


ڕۆژی شەممە هەزاران هاووڵاتی فەڵەستینی لە باکووری غەززە هەڵاتن، ئەوەش بەهۆی هێرشە پێشبینیکراوەکەی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر ئەو ناوچەیە. لە هەمان کاتیشدا ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی زیاتری کردە سەر ناوچەکە و وتی دوو ڕێگا بە کراوەیی دەهێڵێتەوە تاوەکو هاووڵاتییان بتوانن هەڵبێن.

دوای هێرشە کوشندەکەی حەماس لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوودا بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل، ئیسڕائیل بەڵێنیداوە گروپی چەکداریی حەماس لە غەزە لە ناوببات. بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە زیاتر لە 1300 ئیسڕائیلی کوژراون و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانیشی بە بارمتە گرت.

لەو کاتەوە ئیسڕائیل بە تەواوەتی گەمارۆی کەرتی غەززەی داوە کە 2.3 ملیۆن هاووڵاتی تێدا دەژی، لە هەمان کاتیشدا بەردەوام بۆردومانی کردووە. بەرپرسانی غەززە دەڵێن زیاتر لە 2,200 کەس لە غەزە کوژراون، چارەکی ئەو ژمارەیە منداڵ بوون، نزیکەی 10,000 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئیسڕائیل هەتاوەکو بەیانی ڕۆژی شەممەی دابوو بە سەرجەم هاووڵاتیانی بەشی باکووری کەرتی غەززە تاوەکو چۆڵی بکەن. شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند گرەنتی پارێزراویی ئەو فەڵەستینییانە دەدات کە لە ڕێی ئەو دوو ڕێگایەوە ناوچەکە چۆڵ دەکەن کە ئیسڕائیل بە کراوەیی هێشتوونیەتیەوە، دوایین وادەش تاوەکو کاتژمێر 4 ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممەیە.

وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل کۆلۆنێڵ جۆناتان کۆنریکوس بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە وتی "لە دەوروبەری کەرتی غەززەدا، هێزە سەربازییە یەدەگەکانی ئیسڕائیل خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دەستکردن بە قۆناغی دواتری ئۆپەراسیۆنەکان."

وتی "سەربازەکان لە چواردەوری غەزەن، لە باشوور و ناوەڕاست و باکووریشەوە، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هەر ئامانجێک دەستییان بکەوێت، بۆ هەر کارێک کە ئەنجامی بدەن."

حەماس بە خەڵکەکەی وتووە ناوچەکانییان چۆڵ نەکەن و دەڵێت ئەو دوو ڕێگایەی کە ئیسڕائیل دەڵێت کراوەن پارێزراو نین. دەڵێت ڕۆژی هەینی دەیان کەس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر ئوتومبێل و بارهەڵگرەکانی سەر ئەو دوو ڕێگایە کوژراون، ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە ئەوە پشتڕاست بکاتەوە. ئیسڕائیل دەڵێت حەماس ڕێگە نادات خەڵکەکە هەڵبێن چونکە وەکو زریپۆشی مرۆیی بەکارییان دەهێنێت، حەماسیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

بەپێی لێدوانی دانیشتوان، لە گەڕەکی تەل ئەلهەوای شاری غەزە، بەشێکی ناوچەکە چۆڵکراوە، شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکان ناوچەیەکی دانیشتوانییان بۆردومان کردووە و لە چەندین خانوویان داوە.

سەدان دانیشتووی ناوچەکە پەنایان بردووەتەبەر نەخۆشخانەی قودس کە لەو نزیکانەیە و پلانییان داناوە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەرەو باشوور هەڵبێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG