Accessibility links

فەڵەستین داوا لە بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن دەکات هەڵوێستێکی ڕوونی هەبێت لەسەر نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیل


وتەبێژی سەرۆکایەتی فەڵەستین نەبیل ئەبو ڕەدینە داوای لە بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکەی ئەمەریکا کرد هەڵوێستێکی ڕوونی هەبێت لەسەر زیادبوونی نیشتەجێیە ئیسڕائیلییەکان، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسڕائیل پێشنیاری دروستکردنی 2500 یەکەی نیشتەجێبوونی نوێی دیکەی کرد.

ئەبو ڕەدینە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆیتەرز وتی " داوا لە بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکەی ئەمەریکا دەکەین هەڵوێستێکی نوێی هەبێت سەبارەت بە سیاسەتی نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیل، ئەمەش ئەگەر بیەوێت ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەستەبەر بکات."

وتیشی " حکومەتی ئیسڕائیل کار لەسەر ئەوە دەکات هیچ شتێک نەمێنێت بۆ جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت و هەوڵدەدات کۆسپی زیاتر بخاتە بەردەم بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکەی ئەمەریکا یاخود هەر هەوڵێکی ئەو بەڕێوبەرایەتیە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی کە چەند ساڵێکە ڕاگیراوە."

لەلایەکی دیکەشەوە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنتۆنی بلینکنی کاندیدی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە وتی " تەنها ڕێگە بۆ دەستەبەرکردنی داهاتووی ئیسڕائیل وەکو دەوڵەتێکی جولەکەی دیموکرات ئەوەیە دەوڵەتێک بدرێتە فەڵەستینیەکان، ئەوەش لەڕێی چارەسەری دوو دەوڵەتەوە دەبێت."

ئەبو ڕەدینە وتی " نیشتەجێیەکان هەموویان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نایاسایین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG