Accessibility links

پاکستان داوای کۆبوونەوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات سەبارەت بە کشمیر


وەزیری دەرەوەی پاکستان شا مەسعود قوڕەیشی

پاکستان داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد گفتوگۆ بکەن لەسەر بڕیارەکەی هیندستان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی " ڕەوشی تایبەت " بۆ ویلایەتی جامو و کشمیر کە هەمیشە هیندستان و پاکستان کێشەیان لەسەریان هەبووە.

بڕیارەکەی هیندستان مافی دانانی یاسای تایبەت بۆ ویلایەتەکە ‌هەڵدەوەشێنێتەوە کە خەڵکی دەرەوە هەمیشە توانیویانە موڵک لەوێ بکڕن. لە پێنجی مانگی هەشتەوە کە ئەو بڕیارە دراوە بەرپرسانی هیندستان پەیوەندییە تەلەفونییەکان و ئینتەرنێت و پەخشی تەلەفیزیۆنیان لە ناوچەکەدا بڕیوە، هەروەها کۆتوبەندیان خستۆتە سەر گواستنەوە و گردبوونەوەش.

وەزیری دەرەوەی پاکستان شا مەسعود قوڕەیشی لە وتارێکیدا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وتی " پاکستان شتێک ناکات کە ببێتە هۆی دروستبوونی ململانێیەک. بەڵام هیندستان دەبێت ئەوە بزانێت دان بەخۆداگرتنی ئێمە بێهێزی نیە."

وتیشی " ئەگەر هیندستان جارێکی دیکە بڕیار بدات پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز بەرێت ئەوا پاکستان ناچار دەبێت وەکو بەرگریکردن لە خۆی بە هەموو تواناکانیەوە وەڵام بداتەوە." وتیشی پاکستان داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک دەکات بەپێی ئەو پێشهاتە مەترسیدارانەی کە لە ئارادان.

ڕوون نیە وەڵامدانەوەی ئەنجومەنەکە چۆن دەبێت بۆ داواکە، یاخود پێویست بکات یەکێک لەو وڵاتانەی کە بە هەمیشەیی ئەندامن لە ئەنجومەنەکە پێشتر داوایەکی فەڕمی بکەن، ڕۆژی شەممە پاکستان وتی چین پشتیوانی لە هەنگاوەکە دەکات، چینیش یەکێکە لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG