Accessibility links

پزیشکەکانی پاکستان داوا لە حکومەت دەکەن کۆتوبەندەکان بخاتەوە سەر مزگەوتەکان


پزیشکەکانی پاکستان داوایان لە حکومەتی وڵاتەکە کرد لە بڕیارەکەیان پاشگەزببنەوە بۆ دووبارە کردنەوەی مزگەوتەکان و نوێژکردنی بە کۆمەڵ لەماوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، هۆشیاریاندا لەوەی لەوانەیە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت.

ڕۆژی شەممە پاکستان ئەو کۆتوبەندانەی لابرد کە خستبوونیە سەر نوێژکردنی بە کۆمەڵ لە مزگەوتەکاندا. ئەو بڕیارەش سێ ڕۆژ دوای ئەوە هات مەلاکانی پاکستان وتیان ئەو کۆتوبەندانە جێی قبوڵکردن نین، ئەمەش دوای ئەوەی چەند جارێک پێکدادان لەنێوان پۆلیس و نوێژخوێناندا ڕوویدا.

سکرتێری گشتی تەندروستی پاکستان قەیسەر سەجاد بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەداخەوە، فەرمانڕەواکانمان بڕیارێکی هەڵەیاندا، مەلاکانمان هەڵوێستێکی ناپابەندبوونیان پیشاندا."

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10,000 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پاکستان تۆمارکراوە و 212 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. هەریەک لە حکومەت و شارەزایانی بواری تەندروستی پاکستان دەڵێن واپێشبینی دەکرێت مانگی پێنج ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا بگاتە لوتکە.

هەفتەی ڕابردوو پاکستان قەدەغەکردنی هاتوچۆی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا بۆ دوو هەفتەی دیکە درێژکردەوە، بەڵام کۆتوبەندەکانی لەسەر هەندێک چالاکی کەمکردەوە، لەوانەش ناوچە سەرەکیە پیشەسازییەکان و مزگەوتەکان.

پزیشکێکی دیکە لە هەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا وتی دامەزراوە تەندروستیەکان لە کاراچی چیتر لە توانایدا نیە خەڵکی زیاتر وەربگرن و گەیشتوونەتە ئەوپەڕی توانای خۆیان.

وتیشی دامەزراوە تەندروستیەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕووبەڕووی قورساییەکی زۆر دەبنەوە و چیتر ناتوانرێت نەخۆش داخڵ بکرێت.

لە بەیاننامەیەکدا پزیشکەکان داوایان کرد ڕێوشوێنی توندتر بگیردرێتەبەر بۆ قەدەغەکردنی هاتوچۆ و داخستنی وڵاتەکە، هەروەها داوایان لە خاوەن کارەکان کرد چەند هەفتەیەکی دیکە خۆڕاگر بن و بەرگەی ئەو هەلومەرجە قورسە بگرن تاوەکو ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG