بەرپرسانی فیدڕاڵی پاکستان ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند 290 چالاکەوانییان ئازاد کردووە کە لە ئیسلامئاباد دەستگیرکرابوون. چالاکەوانەکان لە بەلوچستانەوە گەشتییان کردبوو بۆ ئیسلامئاباد تاوەکو خۆپیشاندان ئەنجام بدەن دژی " کوشتنی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ" لە هەرێمی بەلوچستانی باشووری ڕۆژئاوای پاکستاندا.
وەزارەتی ناوخۆی پاکستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە کاتێکدا کە ئازادکردنی چالاکەوانانەکانی ڕاگەیاند نوسیویەتی " خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافی هەمووانە، بەڵام هیچ کەس ناتوانێت خۆی بە دەستی خۆی یاسا جێبەجێ بکات."
ڕۆژی پێنجشەممە دەیان ئوتومبێل بە ژن و پیاو و منداڵەوە لە شارۆچکەی دوورەدەستی تورباتی بەلوچستانەوە 1600 کم گەشتییان کرد و گەیشتنە ئیسلامئابادی پایتەخت، ئەوەش بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین سەبارەت بە کوژرانی پیاوێکی تەمەن 24 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسدا کە بە بەلاچ مولا بەخش ناسراوە.
خوێندکاران و چالاکەوانانی بەلوچەکانیش لە ئیسلامئاباد بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کرد.
پۆلیس تۆپی ئاوی و چەند ئامڕازێکی دیکەی بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گردبوونەوەکە بەرەو " ناوچەی سووری " شارەکە کە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاسایشی پارێزراوە و بیناکانی حکومەت و باڵیۆزخانەکانی تێدایە، بەهۆی ئەوەشەوە دەستیکرد بە دەستگیرکردنی چالاکەوانەکان.
هەڵمەتە سەرکوتکارییەکە توڕەییەکی سەرتاسەری لێکەوتەوە، گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکەوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوایان لە حکومەت کرد دەستبەجێ خۆپیشاندەرەکان ئازاد بکات و لە بری ئەوە مامەڵە لەگەڵ سکاڵا درێژخایەنەکانییاندا بکات.
کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی پاکستان، کە ڕێکخراوێکی چاودێری سەربەخۆیە، وتی " توشی سەرسوڕمان بووە " بە وەڵامدانەوەکەی حکومەت کە تێیدا خۆپیشاندەرە ژن و منداڵ و بەساڵاچووەکانی ڕووبەڕووی هێز کردووەتەوە.
وتی " ئەم مامەڵەکردنە لەگەڵ دانیشتوانی بەلوچدا کە مافی دەستووری خۆیان جێبەجێ کردووە بۆ گردبوونەوەیەکی ئاشتییانە و دەربڕینی ئازادانەی ڕای خۆیان، بێ پاساوە."
لە کاتێکدا کە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە دەوڵەت لە وڵاتەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو خۆپیشاندانەکان و کارەکانی پۆلیسییان پشتگوێ خست، سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی دیار تیشکییان خستەسەر، ئەوەش وایکرد حکومەت شاندێک پێکبهێنێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕابەرانی گردبوونەوەکەدا و دۆخەکە ئارام بکاتەوە.
مەهرانگ بەلوچ، سەرکردەی ناوەندی کۆمیتەی یەکێتی بالوچ کە ڕێکخەری خۆپیشاندانەکە بوو، سەرکۆنەی کارەکانی پۆلیسی کرد و بە ڕۆژنامەنووسانی وت لەلایەن چەندین ئەفسەری پۆلیسی ژنەوە هێرشی کراوەتە سەر.
بەرپرسانی دژە تیرۆری بەلوچستان بانگەشەی ئەوەیان کردووە مولا بەخشییان لە 20 ی مانگی یانزەدا دەستگیرکردووە و تەقەمەنی پێبووە. ڕۆژی دواتر بەخش هاتە بەردەم دادگا و لە 23 ی مانگی یانزەدا لە شەڕە تەقەیەکی نێوان هێزەکانی ئاسایش و چەکدارەکاندا کوژرا. سێ کەسی دیکە کە بەرپرسان بانگەشەی ئەوە دەکەن یاخی بوون، لە ڕووداوەکەدا ئەوانیش کوژران.
خێزانەکەی بەخش ئەوەیان ڕەت کردەوە و وتییان گوایە لە مانگی 10 ەوە بەخش لە ژێر دەستی پۆلیسدا بووە و لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ساختەکراودا کوژراوە.
بەلوچستان کە دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز و سەرچاوە سروشتییەکان، لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی یاخیبوونێکی ئاست نزم بووەتەوە. هێزەکانی ئاسایشی پاکستان لەم دواییانەدا ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی کوشندەی چەکدارانی نەژادی بەلوچەکان بوونەتەوە.
یاخیبووانی بەلوچستان پاساو بۆ کارەکانییان دەهێننەوە و دەڵێن حکومەت سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمەکە دەدزێت. هێزەکانی ئاسایشی پاکستان بە شێوەیەکی ڕۆتینی ئۆپەراسیۆنی دژ بە یاخیبوون لە هەرێمەکەدا ئەنجام دەدەن.
توندوتیژییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکەکە بێسەروشوێن ببن، لاشەکان لەسەر قەراغی شەقامەکان فڕێ دەدرێن. بەرپرسانی پاکستان دەڵێن یاخیبووانی بەلوچەکان هێرشی کوشندەشییان کردووەتە سەر ئەو کرێکارانەی دیکەش کە لە هەرێمەکانی دیکەوە دێنە بەلوچستان.
کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی پاکستان وتی " بەکارهێنانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لەلایەن دەوڵەتەوە و کوشتن لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری بە شێوەیەکی بەرفراوان، مۆڵەت بە لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف دەدات و هەروەها دەبێت پابەندبوونێک هەبێت بەوەوە کە تاوانباران لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا