Accessibility links

شارەزایانی مافەکانی ئەوروپا دەڵێن ڕووسیا تاوانی جەنگی لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە


تیمێکی شارەزایان کە لەلایەن وڵاتانی ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاری و ئەوروپاوە پێکهێندراوە وتی بەڵگەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان لە ئۆکرانیا دۆزیوەتەوە کە لەلایەن ڕووسیاوە ئەنجامدراون.

تیمەکە مانگی ڕابردوو لەلایەن 45 ئەندامی 57 ئەندامەکەی ڕێکخراوەکەوە پێکهێندرا تاوەکو لێکۆڵینەوە لە ئەگەری تاوانەکانی جەنگ بکەن لە ئۆکرانیا و دواتر زانیارییەکان بدەن بە ڕێکخراوە جیهانییەکانی وەکو دادگای تاوانی جیهانی. ڕووسیا دژایەتی پێکهێنانی ئەو تیمەی کردووە.

ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاری و ئەوروپا ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و هەریەک لە ئەمەریکا و ڕووسیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ناوەڕاستی ئاسیا و ئەمەریکای باکوور دەگرێتە خۆی.

تیمەکە لە ڕاپۆرتێکدا وتیان " تیمەکە بەڵگەی ڕوون و ئاشکرایان دۆزیوەتەوە لەسەر پێشێلکردنی یاسا مرۆییەکان لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە." ئاماژەشی بەوەدا هێزەکانی ڕووسیا شکستیان هێناوە لەوەی لە هێرشەکانیاندا خۆیان بەدووربگرن لە شوێنە گشتییەکانی وەکو نەخۆشخانە و قوتابخانەکان.

هەموو پێشێلکارییەکی یاسا مرۆییەکان بە تاوانی جەنگ داناندرێن. تیمەکە سێ پڕۆفیسۆری یاسا مرۆییەکانی ئوستریا و سویسرا و کۆماری چیک لەخۆدەگرێت.

نوێنەری ڕووسیا لە ڕێکخراوەکە وتی ڕاپۆرتەکە " تەنها لە پڕوپاگەندەی نەسەلمێندراوەوە سەرچاوەی گرتووە."

سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە تاوانی جەنگی لە ئۆکرانیا ئەنجامدابێت، ڕاپۆرتەکە دەڵێت لە 9 ی مانگی سێدا هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی منداڵان و نەخۆشخانەی منداڵبوون لە ماریوپۆڵ لەلایەن ڕووسیاوە ئەنجامدراوە و ئەوانەشی بەرپرس بوون لێی تاوانی جەنگییان ئەنجامداوە.

هەروەها دەڵێت لە 16 ی مانگی سێدا هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر بینای شانۆکە کە بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن نزیکەی 300 کەس بەهۆیەوە کوژراون، تاوانی جەنگ بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت " تیمەکە نەیتوانیوە لەوە دڵنیا ببێتەوە کە ئایا هێرشەکانی ڕووسیا بەشێوەیەکی ڕێکخراو و ڕاستەوخۆ کراونەتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی یاخود نا." ئاماژەشی بەوەدا تاوانەکانی وەکو کوشتن و لاقەکردن بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادەنرێن.

وتیشی " بەڵام هەندێک بەڵگە هەن لەسەر پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ کە چەند جارێک لەمیانەی ململانێکەدا تۆمارکراون، لەوانەش کوشتنی بە ئامانج و بێسەروشوێن کردن و ڕفاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەمانەش تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین."

وتی " هەر کردەوەیەکی توندوتیژی لەم جۆرە، کە لەچوارچێوەی هێرشێکدا ئەنجام درابێتن و ئاگاداریش بووبێتن، ئەوا بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادەنرێن."

تیمەکە ئاماژەشی بە " ئەو پێشێلکارییانەدا کە ئۆکرانیا ئەنجامییان داون "، لەوانەش بەتایبەتی مامەڵەکردنی ئۆکرانیا لەگەڵ دیلەکانی جەنگدا، بەڵام وتی پێشێلکارییەکانی ڕووسیا " لە ڕووی سروشت و فراوانییەکەیەوە زۆر زیاترن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG