وەزارەی تەندروستی فەڵەستین ڕایگەیاند فەڵەستینیەک بە فیشەکی سوپای ئیسڕائیل کوژراوە و دەیان کەسی دیکە برینداربوون لەمیانەی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا لە شاری ناپلس لە بەشی خۆرئاوا.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " شەهیدێک و کۆمەڵێک بریندار هێنراون بۆ نەخۆشخانەی نەجاح لە ناپلس، دووان لە بریندارەکان برینەکانیان سەختە."
وەزارەتەکە پێشتر لە بەیاننامەیەکدا وتبووی " 40 بریندار گەیشتوونەتە نەخۆشخانەی ڕەفیدیای حکومی لە ناپلس، نزیکەی 30 کەسیان بە فیشەک برینداربوون و سێ کەسیان برینەکانیان سەختە."
شایەتحاڵان دەڵێن ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە هێزەکانی ئیسڕائیل چوونەتە ناو شاری ناپلسەوە و پێکدادانێکی توند ڕوویداوە لەنێوان گەنجانی فەڵەستینی و ئەو هێزانەدا.
تا ئێستا هیچ بەیاننامەیەک لەلایەن سوپای ئیسڕائیلەوە بڵاونەکراوەتەوە سەبارەت بەوەی چی ڕوویداوە لە ناپلس.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز