سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا باراک ئۆباما داوای لە سەرجەم وڵاتان کرد بە توندی دژی ئەنجومەنی سەربازی میانمار بوەستن، هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی میانمار دەربڕی کە داوای دیموکراسیەت دەکەن و هۆشیاریدا لە گۆڕانی وڵاتەکە بۆ " وڵاتێکی شکستخواردوو ".
ئۆباما وتی " سەرنجی جیهان دەبێت لەسەر میانمار بمێنێتەوە، توندوتیژییەکان دژی خۆپیشاندەران توشی سەرسوڕمانی کردم."
ئۆباما لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕوون و ئاشکرایە گەلی میانمار هەرگیز هەوڵە نایاسایی و دڕندەکانی سوپا بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆی دوای چەند ساڵێک لە ئازادیی قبوڵ ناکات و پێویستە سەرانسەری جیهانیش قبوڵی نەکەن."
ئۆباما پشتیوانی لە هەوڵەکانی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و وڵاتانی دیکە دەکات بۆ گەڕاندنەوەی دیموکراسیەت بۆ میانمار و " سەپاندنی سزا بەسەر سوپای میانماردا."
ئەوەشی خستەڕوو " دەبێت دراوسێکانی میانمار دان بەوەدا بنێن ڕژێمێکی بکوژ کە گەل ڕەتی دەکاتەوە تەنها ناسەقامگیری و قەیرانی مرۆیی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و هەروەها دەبێتە هۆی مەترسی گۆڕانی وڵاتەکە بۆ وڵاتێکی شکستخواردوو."
سەرچاوە/ فرانس پرێس