بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما دووشەمە گوتی بەربەست لە بەرامبەر ئەو یاسایە دادەنێت کە پێشگیری لە مامەڵەی دارایی پەیوەندیدار بە هەناردەکردنی فڕۆکەی مسافیرهەڵگر بۆ ئێران بکات، و دەڵیت ئەو کارە ڕێکەوتنی ناوکی سەرەتای ئەم ساڵ لاواز دەکات.
ئەنجومەنی نوێنەران بە پێشەنگی کۆمارێکان لە هەوڵدان پێشی فرۆشتنی فرۆکە لە لایەن کۆمپانییەکانی ئێرباس و بوئینگ بگرن، کە بە پێی ڕێکەوتنی ناوکی ڕێگای فرۆشتنی دراوە.
کۆشکی سپی گوتی ئەگەر ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەران جێ بە جێ بێت ئەوە لایەنەکانی تر ئەو یاسایە وەک سەرپێچی کردن لە ڕێکەوتنی ناوکی چاولێدەکەن. ئەمەریکا، لە گەڵ بەریتانیا، ڕووسیا، فەڕانسە، چین و ئاڵمان پەسندیان کرد گەمارۆکان لە سەر ئێران لابەرن ئەگەر ئێران پرۆگرامی ناوکییەکەی ڕابگرێت.
ڕێکەوتنەکانی لە لایەن ئیرباس و بوئینگ بۆ فڕۆشتن یان کونترات سەبارەت بە ٢٠٠ جێت بە ئێران یارمەتی بە نۆژەن کردنەوە و بەرفرەوان کردنەوەی سیستمی فڕۆکەی کۆنی ئێران دەدات.
هێندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس نیگەرانیان دەربڕیوە کە نەفرۆشتنی ئەو فڕۆکانە وا دەکات کار وپیش کەم ببنەوە. بەلام دژبەرانی ئەو بیرۆکەیە دەڵێن کە فڕۆکەی مسافیر هەڵگر بۆی هەیە بۆ مەبەستەکانی لەشکری وەک ڕاگویزتنی شەڕکەران کەڵکی لیوەربگیرێت بۆ ئەوەی شەری سەربازانی ئەمەریکا یان هاوپەیمانانی لە سوریا بکات.
چاوەڕوانی دەکرێت ئەنجومەنی نوێنەران لە ماوەی ئەم حەوتووەدا بڕیارە لە سەر ئەم یاسایە بدات و پەسندی بکات.
چاوەڕوانی ناکرێت سنێتی ئەمەریکا پەسندی بکات، کە پێویستە لە پێشدا دیمۆکراتەکان پشتیوانی لێبکەن.
.