Accessibility links

کاربەدەستێکی پێشوو : ئۆباما پێشتر سەرۆک ترامپی ئاگادارکردۆتەوە


کاربەدەستێکی بەڕێوبەرایەتییەکەی پێشووی ئەمەریکا وتی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما سەرۆک ترامپی ئاگادارکردۆتەوە لە دیاریکردنی مایکڵ فلین وەکوو ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کە دواتر بەهۆی گومانی پەیوەندیی لەگەڵ ڕوسیادا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

ئۆباما لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا چەند ڕۆژێکی کەم دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ هەڵبژێردرا وەکوو سەرۆکی ئەمەریکا ئەم ئاگادارکردنەوەیەی بە سەرۆک ترامپ وتووە، وە ئەم ئاگادراکردنەوەیەش لەمیانەی گفتوگۆکردنیان بووە سەبارەت بە کارمەندەکانی کۆشکی سپی.

لەلای خۆشییەوە شۆن سپایسەری وتەبێژی کۆشکی سپی وتی " بەڕاستی سەرۆک ئۆباما دەریخست کە جەنەڕاڵ فلینی بەدڵ نیە لەمیانەی کۆبوونەوەیەکدا کە یەک کاتژمێری خایاند لەمانگی یانزەدا."

بەڵام سپایسەر وتیشی " بۆچی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئۆباما کاتی خۆی ڕێگەیدا فلین بچێت بۆ ڕوسیا و پارە وەربگرێت؟، دەتوانرا ئەو کاتە شتێک بکرایە ئەگەر ئەوە جێی نیگەرانی بووایە."

شایەنی باسە مایکڵ فلین لە ساڵی 2015 دا لە گەشتێکی بۆ ڕوسیا 30000 دۆلاری وەرگرت لە ئێوارە خوانێکدا بەمەبەستی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کریملینەوە ساز کرابووە و هەروەها لە تەنیشت سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتنەوە دانیشتبوو.

هەروەها سیناتۆری کۆماری لینسی گراهام وتی " هەموو ئەمەریکاییەکان دەبێت نیگەران بن سەبارەت بە دەستێوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 ی ئەمەریکادا."

فلین هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە سەبارەت بەو گومانانەی کە دەڵێن ڕوسیا دەستی خستۆتە ناو هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاوە و لەوانەیە هاریکاری هەبووبێت لەنێوان کامپینەکەی سەرۆک ترامپ و مۆسکۆدا.

ئۆباما لە ساڵی 2014 دا مایکڵ فلینی دورخستەوە لە پۆستەکەی وەکوو بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا.

سەرچاوە / VOA

XS
SM
MD
LG