Accessibility links

کڵێسای نۆتردام لە پاریس ئاگری گرت


کڵێسای نوتردام

کڵێسای نۆتردام لە پاریسی فەڕەنسا ئاگری گرت کە بە یەکێک لە بەناوبانگترین کڵێساکانی جیهان دادەنرێت و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ناوەڕاست.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ئاگرەکە درێژبۆوە بۆ سەربانی کڵێساکە و بەخێرایی بورجەکەی سوتا و دواتر هەموو سەقفەکەی کەوتە خوارەوە. دووکەڵی ئاگرەکە ئاسمانی شارەکەی داپۆشی.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی " وەکو هەموو نەوەکانی نیشتیمانەکەمان، ئەم ئێوارەیە من غەمبارم کە دەبینم کڵێساکە کە بەشێکە لە هەموومان، دەسووتێت."

شایەتحاڵێک بە ناوی جاسیک بۆڵتوراک کە چاودێری ئاگرەکەی دەکرد لە نهۆمی پێنجەمی بینایەکی نزیک لە کڵێساکەوە وتی " بە گشتی هەموو سەربانەکە وێران بوو، هیچ هیوایەک نابینم بۆ ئەم بینایە."

تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی ئەوەدان ئاگرەکە بکوژێننەوە و هەموو ناوچەکانی دەوروبەری کڵێساکەیان چۆڵکردووە کە دەکەوێتە ناوەڕاستی پاریسی پایتەختەوە. هەروەها بیناکانی تەنیشتی کڵێساکەش چۆڵکراون.

وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا لۆران نونێز لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە وتی هیچ کەسێک بەهۆی ئاگرەکەوە زیانی پێنەگەیشتووە، وتیشی هێشتا زووە بزانرێت هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە.

کەناڵی فەڕەنسا 2 وتی پۆلیس وەکو ڕووداوێک مامەڵە لەگەڵ ئاگرکەوتنەوەکەدا دەکات.

لە هەمان کاتیشدا سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە وتارەکەی بۆ گەلی فەڕەنسا دواخست کە وابڕیاربوو ڕۆژی دووشەممە بیدات. بەرپرسێکی سەرۆکایەتی وتی ماکرۆن بەرەو شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە دەڕوات.

سەرۆکی شارەوانی پاریس ئان هیداڵگۆ لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەدا وتی " کاری هونەری زۆر هەیە لە ناو کڵێساکەدا، ئەمە کارەساتێکی ڕاستەقینەیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG