ڕۆژنامەنووسی سوریایی بەکر ئەل قەسام کە کاری بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە بە دەزگای فرانس پرێسیشەوە، وتی هەفتەیەک دوای دەستگیرکردنی لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی باکووری سوریاوە کە تورکیا پشتیوانییان لێدەکات ئازاد کراوە.
قاسمی تەمەن 28 ساڵ وتی " درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە ئازادکرام و باشم. ئێستا لەگەڵ خێزانەکەمدام."
وتیشی " بە زووترین کات دەگەڕێمەوە سەر کارەکەم وەکو ڕۆژنامەنووس."
پۆلیسی ناوخۆی ئەو گروپە چەکدارییانەی باکووری سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن لە 26 ی مانگی هەشتدا قاسمییان لە شاری ئەلباب دەستگیرکرد، کە نزیکەی 30 کم دوورە لە سنووری تورکیاوە.
قاسم لەگەڵ هاوسەرەکەی نەبیهە تەهادا ڕووماڵی ڕووداوێکییان کردووە لەو شارەدا. دوای دەستگیرکردنییان بە ماوەیەکی کورت نەبیهە ئازاد کراوە و ماڵ و کۆمپیوتەرەکەی قاسم پشکنراوە، کامێرا و تەلەفونەکانییان دەستی بەسەردا گیراوە.
فرانس پرێس وتی " ئێمە خۆشحاڵین بەوەی کە بەکر ئازاد کراوە و سوپاسی سەرجەم ئەو هاوکار و ڕێکخراوانە دەکەین کە هاوسۆزی خۆیان دەربڕیوە لەگەڵیدا لە ماوەی دەستبەسەربوونەکەیدا."
وتیشی " هیوادارین بتوانێت بەبێ هیچ کۆتوبەندێک دەست بکاتەوە بە کارەکەی."
قاسم لە ساڵی 2016 ەوە وەکو وێنەگر و پەیامنێری دەزگای هەواڵی فرانس پرێس کاری کردووە و ڕووماڵی شەڕی ناوخۆی سوریا و بومەلەرزە کوشندەکەی مانگی دووی ساڵی 2023 کردووە کە تێیدا 17 ئەندامی خێزانەکەی لە دەستدا.
هەروەها کاری بۆ دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵۆی تورکیا و میدیا ناوخۆییەکانی سوریا کردووە.
فرانس پرێس و کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور داوایان کردبوو ئازاد بکرێت.
سەرچاوە/ فرانس پرێس