Accessibility links

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سوریا: ڕێکەوتنێک سەبارەت بە وەستاندنی شەڕ لە ئیدلب کراوە


دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سوریا ئاماژەیان بەوەدا ڕێکەوتنێک کراوە سەبارەت بە وەستاندنی شەڕ لە کۆتا شوێنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا لە کاتێکدا ڕێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن ژمارەی قوربانیانی دەستی هێرشەکانی حکومەتی سوریا لە ناوچەکەدا لە زیادبووندایە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویان کرەوە لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ئاگربەستەکە جێبەجێ دەکرێت بەمەرجێک چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن بەندەکانی ئەو ڕێکەوتنە پەیڕەوی بکەن کە ساڵی ڕابردوو لەڕێی ڕوسیا و تورکیاوە واژۆکرا.

هێشتا هیچ لێدوانێک لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە نەدراوە سەبارەت بەو هەواڵانە.

دەزگای ڕاگەیاندنی جەنگی سەر بە حیزبوڵای لوبنان کە پشتیوانی لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دەکەن وتیان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردووداسوپای سوریا دەستی گرتووە بەسەر ژمارەیەک گوند و کێڵگەدا لە پارێزگای حەما.

هەفتەی ڕابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا شەڕ و پێکدادانەکان لە باکووری ڕۆژئاوا سوریا لە کۆتای مانگی چوارەوە بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 400 هاوڵاتی مەدەنی و زیاتر لە 440 هەزار هاوڵاتی مەدەنی ناچارکردووە ماڵ و حاڵیان لەو ناوچانە جێبهێڵن و بەرەو سنوورەکانی تورکیا هەڵبێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG