Accessibility links

کۆریای باکوور: سەپاندنی سزای نوێ بەسەرماندا هانمان دەدات خێرا بکەین لە پلانە ناوەکییەکەماندا


دەزگای هەواڵی کۆریای باکوور لەزاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە سەپاندنی سزای زیاتری ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەسەر کۆریای باکووردا هانمان دەدات خێراتر کاربکەین بۆ تەواوکردنی پلانە ناوەکییەکەمان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور وتی " دوایین سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کارێکی دوژمنانەیی و نا ڕەوشتی و نامرۆڤانەییە کە ئامانج لێی وێرانکردنی کۆماری کۆریای دیموکرات و حکومەتەکەیی و سیستمەکەیەتی."

هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕۆژە یاسایەکی ئەمەریکی پەسەند کرد بۆ سەپاندنی سزای توندتر بەسەر پیۆنگیانگدا.

هەروەها دەزگای هەواڵی چین "شینخوا" ڕایگەیاند ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی چین شی جین پینگ و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەیان لەسەر ڕەوشەکەی نیمچە دوورگەی کۆریا کردووە.

شی جین پینگ بە سەرۆک ترامپی وتووە وڵاتەکانیان بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە لەنێوانیاندا و هەروەها دوو سەرۆکەکە باسیان لە سەردانەکەی داهاتووی سەرۆک ترامپ کردووە بۆ چین و وردەکاری زیاتریان بڵاونەکردەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG