Accessibility links

دەزگای ڕاگەیاندنی کۆریای باکوور داوا لە ئەمەریکا دەکات دەستبەرداری سزاکان بێت


دەزگای فەڕمی ڕاگەیاندنی کۆریای باکوور داوای لە ئەمەریکا کرد دەستبەرداری سزاکان بێت و وتی پیۆنگیانگ نیازپاکی پیشانداوە دوای ئەوەی کۆتایی بە تاقیکردنەوە ناوەکییەکانی هێناوە و لاشەی ئەو سەربازە ئەمەریکییانەی کە لە جەنگی کۆریادا کوژرابوون ڕەوانەی ئەمەریکا کردۆتەوە.

ئەمەش دوای ئەوە هات چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ڕاپۆرتێکی نهێنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە دەڵێت کۆریای باکوور دەستبەرداری بەرنامە ناوەکیی و موشەکیەکەی نەبووە و ئەوەش پێشێلکردنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

جێی ئاماژەیە لەمیانەی کۆبوونەوە مێژوویییەکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا لە سەنگاپوور، هەردوولا بەڵێنیادا کار بکەن بۆ کۆتایی هێنان بە چەکی ناوەکیی کۆریای باکوور، بەڵام ڕووبەڕووی قورسایی بوونەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.

دەزگای فەڕمی ڕاگەیاندنی کۆریای باکوور واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی بەپێچەوانەی پلانەکەیەوە کاردەکات بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆریای باکووردا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی پیۆنگیانگ نیازپاکی پیشانداوە لەوانەش ڕاگرتنی تاقیکردنەوە ناوەکیی و موشەکییەکانی و لابردنی شوێنێکی ناوەکیی و گەڕاندنەوەی لاشەی ئەو سەربازە ئەمەریکیانەی کە لە جەنگی کۆریادا لە ماوەکانی نێوان 1950 بۆ 1953 دا کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG