Accessibility links

کۆریای باکوور: ئەمەریکا هیچ شتێکی نیە پێشکەشی بکات لە هەر ڕێکەوتنێکی ناوەکیدا


کۆریای باکوور وتی ئەمەریکا هیچ شتێکی نیە پێشکەشی پیۆنگیانگی بکات ئەگەر هاتوو دانوستانەکانی نێوان ئەو وڵاتە و ئەمەریکا سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکی دەست پێنەکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن وتی ئامادەیە " ڕێوشوێنی دیار " بگرێتەبەر بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک.

پیۆنگیانگ ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت دوای ئەوەی ئەمەریکا داوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، کۆریای باکوور سەبارەت بە کۆبوونەوەکە وتی ئەوە هەنگاوێکی " گەمژانەیە " و یارمەتی پیۆنگیانگ دەدات بڕیارێکی ڕوون بدات سەبارەت بەو ئاڕاستەیەی هەڵیدەبژێرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەمەریکا هەر کاتێک قسە دەکات باس لە گفتوگۆکردن دەکات، بەڵام وەکو هەمیشە ئەمەریکا هیچ شتێکی نیە پێشکەشمانی بکات سەرەڕای ئەوەی لەوانەیە گفتوگۆکان دەست پێبکەنەوە."

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە 15 وڵات پێکهاتووە لەنێوەندی نیگەرانییەکانیاندا سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ناوەکی و موشەکییەکانی کۆریای باکوور کۆبوونەوە.

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کێڵی کرافت وتی واشنتن ئامادەیە " ڕێوشوێنی دیار بگرێتەبەر " بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک سەبارەت بە بەرنامە موشەکی و ناوەکییەکەی کۆریای باکوور، بەڵام وتیشی ئەنجومەنی ئاسایش دەبێت ئامادە بێت بۆ وەڵامدانەوەی هەر کارێکی ئیستیفزازی لەلایەن کۆریای باکوورەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور وتی " ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە ڕێوشوێنی دیار کرد. بەڵام وەکو پێشتر ڕامانگەیاندووە هیچ شتێکمان نیە لەدەستی بدەین و ئامادەین وەڵامی هەر شتێک بدەینەوە کە ئەمەریکا هەڵیدەبژێرێت."

واپێشبینی دەکرێت نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کۆریای باکوور ستیڤن بایگن هەفتەی داهاتوو سەردانی کۆریای باشوور بکات بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وڵاتە.

لەلایەکی دیکەوە نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی پێویستە لەسەر ئەنجومەنی ئاسایش سزاکانی سەر کۆریای باکوور کەم بکاتەوە و خۆی بەدووربگرێت لە خراپبوونی ڕەوشەکە.

کۆریای باکوور دەڵێت هەتاوەکو کۆتای ئەم ساڵ چاوەڕێی ئەمەریکا دەکات تاوەکو " سیاسەتە دوژمنکارییەکانی " بەرامبەر پیۆنگیانگ بگۆڕێت، ئەگەر نا ئەوا بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا دەڕوات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG