Accessibility links

کۆریای باکوور موشەکێکی دیکە تاقیدەکاتەوە


سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاند کۆریای باکوور موشەکێکی مەودا کورتی هەڵداوەتە دەریاوە، لەکاتێکدا باڵیۆزی کۆریای باکوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکەی مافی خۆیەتی چەکەکانی تاقی بکاتەوە.

سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور وتی موشەکەکە لە باکووری هەرێمی جاگانگەوە بەرەو کەنار دەریای ڕۆژهەڵات هەڵدراوە، وەزارەتی بەرگری ژاپۆنیش بە فرانس پرێسی وت " وادیارە موشەکێکی باڵیستیکی بووبێت."

دوای کەمتر لە کاتژمێرێک، باڵیۆزی کۆریای باکوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " هیچ کەسێک ناتوانێت مافی بەرگریکردن لە خۆمان لە کۆریای باکوور بسەنێتەوە."

لەلای خۆیەوە ئەمەریکا سەرکۆنەی هەڵدانی موشەکەکەی کرد و وتی " هەڕەشەیە " بۆ سەر دراوسێکانی کۆریای باکوور و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم هەڵدانی موشەکە پێشێلکردنی کۆمەڵێک لە یاساکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە، پابەندبوونمان بە بەرگریکردن لە کۆماری کۆریا و ژاپۆنەوە بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە."

باڵیۆزی کۆریای باکوور کیم سۆنگ لەمیانەی کۆبوونەوەی ساڵانەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتی " کۆریای باکوور مافی خۆیەتی پەرە بە چەک بدات و سیستمی ئەو چەکانەی هەبێت کە هاوشێوەی چەکەکانی کۆریای باشوور و ئەمەریکان."

وتی " ئێمە بەرگری وڵاتەکەمان دروست دەکەین تاوەکو بەرگری لە خۆمان و ئاشتی و ئاسایشی وڵاتەکەمان بکەین."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG