Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکی: لابردنی سێ بەرپرسی باڵای سەربازی لە کۆریای باکوور


بەرپرسێکی ئەمەریکی وتی سێ بەرپرسی باڵای سەربازیی کۆریای باکوور لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور خۆیان ئامادە دەکەن بۆ یەکەمین کۆبوونەوەیان لە 12 ی مانگی شەش لە سەنگاپوور.

بەرپرسە ئەمەریکییەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە لەسەر ڕاپۆرتێکی دەزگای هەواڵی یۆنهابی کۆریای باشوور لێدوانیدا کە تیایدا هاتووە دەڵێت باوەڕ وایە سێ بەرپرسی گرنگی سەربازیی کۆریای باکوور گۆڕاون.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی وتی کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت. ئەمەریکاش هەوڵدەدات لەڕێی دانوستاندنەوە سنوورێک بۆ بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور دابنێت.

بەرپرسانی ئەمەریکی پێیان وایە هەندێک دابەشبوون هەیە لە سوپای کۆریای باکووردا سەبارەت بە مامەڵەکردنی کیم لەگەڵ کۆریای باشوور و ئەمەریکادا.

بەرپرسە ئەمەریکییەکە ئاماژەی بە سێ بەرپرسەکە نەدا بەڵام یۆنهاب ئاماژەی بەوەداوە کە سێ بەرپرسەکە وەزیری بەرگری کۆریای باکوور پاک یۆنگ سیک و سەرۆک ئەرکانی سوپای گەلی کۆریا ڕی میۆنگ سو و بەڕێوبەری مەکتەبی سیاسیی گشتی سوپای گەلی کۆریا کیم جۆنگ جاکن.

جێی ئاماژەیە سەرۆک ترامپ دەیەوێت پیۆنگیانگ دەستبەرداری جبەخانە ناوەکییەکەی بێت و لەبەرامبەریشدا سزا داراییەکان لەسەری کەمدەکرێنەوە. باوەڕیش وایە سەرکردایەتی کۆریای باکوور چەکی ناوەکیی بە پێویستیەک دەزانن بۆ مانەوەی وڵاتەکە.

یۆنهاب لە زاری بەرپرسێکی هەواڵگرییەوە بڵاویکردەوە جێگری یەکەمی وەزیری هێزە چەکدارەکانی گەل جێگەی وەزیری بەرگری پاک یۆنگ دەگرێتەوە لەکاتێکدا ڕی یۆنگ گیلی جێگر جێی ڕی میۆنگ دەگرێتەوە.

کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا و ئۆفیسی بەڕێوبەری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

هەروەها هەردوو وەزارەتی یەکیەتی و بەرگری کۆریای باشوور ڕەتیان کردەوە لێدوان لەسەر ڕاپۆرتەکە بدەن لەکاتێکدا بەرپرسێکی وەزارەتی یەکیەتی وتی حکومەت لەنزیکەوە چاودێری سەرکردایەتی کۆریای باکوور دەکات.

بەپێی یۆنهاب هەموو ئەفسەرە نوێکان لەوانەی پێش خۆیان گەنجترن بێجگە لە ڕی یۆنگ گیل.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG