Accessibility links

سەرۆکی کۆریای باشوور داوا لە پیۆنگیانگ دەکات هەنگاوی ئازایانە بنێت پێش کۆبوونەوەکەی سەرۆک ترامپ و کیم


سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین
سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین

سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین وتی پێویستە لەسەر کۆریای باکوور هەنگاوی ئازایانە بنێت بەرەو داماڵینی چەکی ناوەکی، بۆ نمونە دەستبەرداری موشەکە مەودا فراوانەکانی بێت، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەمەریکا ناچار بکات سازش بکات.

مون وتی پێویستە لەسەر پیۆنگیانگ هەوڵی زیاتر بدات بۆ چارەسەری ناوەند لە کۆبوونەوەی دووەمی نێوان ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ.

مون وتی کۆبوونەوەکە لەوانەیە بەمزووانە ئەنجام بدرێت لەپێناو دەستپێکردنەوەی دانوستانەکاندا.

وتیشی دەبێت کۆریای باکوور هەنگاوی بەرجەستە بنێت ، بۆ نمونە دەستبەردار موشەکە باڵیستیکیە کیشوەر بڕەکان و مەودا فراوانەکانی بێت و هێڵەکانی بەرهەمهێنانی چەک و دامەزراوە ناوەکییەکانی دیکە لاببات، ئەمەش بۆ ئەوەی وا لە ئەمەریکا بکات سزاکانی سەر پیۆنگیانگ کەم بکاتەوە.

وتیشی کەمکردنەوەی پابەندبوونی سەربازیی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا وەکو کشانەوەی هێز و چەکە ستراتیژییەکان لە ناوچەکەدا بژاردەیەک نیە بۆ ئەمەریکا.

مون لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " کۆبوونەوەی دووەم شوێنێک دەبێت بۆ ڕێکەوتن لەسەر ئەو هەنگاوانەی کۆریای باکوور دەینێت و هەروەها وەڵامدانەوەی ئەمەریکا دەبێت لەسەر ئەو هەنگاوانە."

وتیشی " بەڵام هێزەکانی ئەمەریکا لە کۆریای باشوور و چەکە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا لە شوێنەکانی وەکو گوام و ژاپۆن پەیوەندییان نیە بە کۆریای باکوورەوە چونکە ئەوانە تەنها لەپێناو ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا جێگرکراون."

جێی ئاماژەیە ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لە میانەی سەردانەکەی ئەم هەفتەیەیدا بۆ چین جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە ئامادەیە لەگەڵ سەرۆک ترامپدا کۆببێتەوە. مون وتی دوایین سەردانی کیم بۆ پەکین ئاماژە بەوە دەدات کۆبوونەوەی دووەم بەڕێوەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG