Accessibility links

دوو نوێنەری کۆریای باشوور دوای چاوپێکەوتنەکەیان لەگەڵ کیم جۆنگ ئوندا بەرەو واشنتن دەڕۆن


بەرپرسانی سیئۆل و واشنتن وتیان دوو نوێنەرەکەی کۆریای باشوور ئەمڕۆ گەشت دەکەن بۆ ئەمەریکا بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ئەیچ ئاڕ مکماستەر و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکی بۆ باسکردن لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا.

بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی کۆریای باشوور کە داوای کرد ناوی بڵاونەکرێتەوە وتی سەرۆکی ئۆفیسی ئاسایشی نیشتیمانی چۆنگ یوی یۆنگ و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری کۆریای باشوور سوە هون لەگەڵ کۆمەڵێک لە وەزیرەکاندا کۆدەبنەوە و دواتر یان چاویان بە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەکەوێت یان جێگرەکەی مایک پێنس.

بەرپرسەکە وتی چۆنگ دوای کۆتایی هاتنی سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی بۆ کۆریای باکوور لەڕێی تەلەفونەوە قسەی لەگەڵ مکماستەردا کردووە.

واچاوەڕواندەکرێت دوو نوێنەرەکەی کۆریای باشوور باس لە هەڵوێستی کۆریای باکوور بکەن بۆ ئەمەریکیەکان سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی گفتوگۆکانی داهاتوو لەگەڵ واشنتندا و ئامادەییان بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ناوەکییەکەی.

دوای سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا، چۆنگ سەردانی چین و ڕوسیا دەکات لە کاتێکدا سوە دەچێت بۆ ژاپۆن تاوەکو ڕووداوەکان بە بەرپرسانی ئەوێ بڵێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG