Accessibility links

کۆریای باکوور ئامادە نیە گفتوگۆ لەگەڵ کۆریای باشووردا ئەنجام بدات لە ڕوسیا


دەزگای هەواڵی ڕوسیا بڵاویکردەوە سیاستمەدارانی کۆریای باکوور و کۆریای باسوور گفتوگۆی ڕاستەوخۆ ئەنجام نادەن لە ڕوسیا سەبارەت بە بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی کۆریای باکوور، سەرەڕای ئەوەی هەردوولا ئامادە دەبن لەوێ و سەرەڕای ئەوەش کە ڕوسیا هانیان دەدات گفتوگۆ ئەنجام بدەن.

وابڕیارە سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ڕوسیا لە دوو دانیشنتنیجیادا لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کۆریای باکوور و سەرۆکی پەرلەمانی کۆریای باشووردا کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکە، ئەمەش لە میانەی کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی پەرلەمانتاراندا دەبێت لە سان پیتەرسبێرگی ڕوسیا.

مۆسکۆ داوای لە هەردوو وڵاتەکە کرد ئەم هەلە بقۆزنەوە و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ ئەنجام بدەن بەمەبەستی ئەوەی ڕاوبۆچوونەکانیان لەیەکتر نزیک بکەنەوە.

بەڵام دەزگای هەواڵی ڕوسیا لە جێگری ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕوسیا پیوتەر تٶلستۆی و ئەندامێکی شاندی کۆریای باکووروە بڵاویکردەوە کە کۆنگرەکە هیچ گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆی تێدا نابێت لەنێوان پیۆنگیانگ و سیئۆلدا.

دەزگاکە لە زاری یەکێک لە ئەندامانی شاندی کۆریای باکوورەوە ڕایگەیاند کە فشاری ئەمەریکا بۆ سەر پیۆنگیانگ و مەشقە هاوبەشییەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوور مانای وایە کە هیچ مەرجێکی پێشوەختەیان نەهێشتووە بۆ ئەنجامدانی ئەو گفتوگۆیانە.

سەرۆکی لیژنەی کاروباری نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی یەکێتی ڕوسیا قوستەنتین کۆساچیۆڤ وتی مۆسکۆ دووبارە هەوڵدەدات هانی دوو شاندەکە بدات گفتوگۆی ڕاستەوخۆ ئەنجام بدەن.

دەزگاکە لە شاندەکەی کۆریای باکوورەوە بڵاویکردەوە کە کۆریای باکوور هەتا ئێستا ڕەتی دەکاتەوە گفتوگۆ ئەنجام بدات لەکاتێکدا کە کۆریای باشوور وتی ئامادەین ئەو گفتوگۆیە ئەنجام بدەین.

دەزگای ئینتەرفاکسی ڕوسیا لە زاری کۆساچیۆڤەوە وتی " بەدڵنیاییەوە هەوڵ نادەین هیچ کەسێک ناچار بکەین هیچ شتێک بکات، بەڵام بەداخەوە لەڕووی مرۆیی و سیاسییشەوە جارێکی دیکە هەلێکی تر لەدەست دەردەچێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان کۆریای باکوور و کۆریای باشوور."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG