Accessibility links

کۆریای باکوور هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنی سەربازی دەکات لەگەڵ باشوور


کیم یو جۆنگ
کیم یو جۆنگ

کۆریای باکوور هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنە سەربازییەکە و داخستنی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکە و کۆریای باشووری کرد، ئەمەش لە حاڵەتێکدا ئەگەر چالاکەوانان بەردەوام بن لە ڕەوانەکردنی نامیلکە بۆ ئەودیوی سنوورەکە.

خوشکە بچووکەکەی ڕابەری باڵای کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون ئەم ڕاگەیاندنەی بڵاوکردەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان دوو کۆریاکە چەقی بەستووە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2018 دا کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین سێ کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

لە ماوەی ڕابردوودا چالاکەوانان و ئەو هاوڵاتیانەی باکوور کە لە وڵاتەکەیان هەڵهاتوون لەڕێی هەڵدانی باڵۆنەوە نامیلکەیان ڕەوانەی ئەودیوی سنوورەکە کردووە و لە نامیلکەکاندا ڕابەری باڵای کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئونیان تۆمەتبارکردووە بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی گرتووە.

کیم یو جۆنگ ی خوشکی ڕابەری کۆریای باکوور لە بەیاننامەیەکدا وتی " کاربەدەستانی کۆریای باشوور باجێکی گەورە دەدەن ئەگەر ڕێگە بدەن ئەمە بەردەوام بێت."

دوای ئەوەی وتی ئەو کەسانەی لە کۆریای باکوور هەڵهاتوون ناپاکیان لە خاکەکەی خۆیان کردووە و بە قێزەون ناودێریکردن، وتی ئێستا کاتی ئەوەیە لێپێچێنەوە لە حکومەتەکەی کۆریای باشوور بکەین.

هەروەها هەڕەشەی داخستنی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی کرد و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنە سەربازییەکەی نێوانیانی کرد، بەڵام بەشێکی زۆری ڕێکەوتنەکە لەلایەن کۆریای باکوورەوە جێبەجێ نەکراوە بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2018 ەوە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر تاقیکردنەوەی موشەکی ئەنجامداوە.

کیم یو جۆنگ هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی دەیان پڕۆژەی ئابووری نێوان دوو وڵاتەکەشی کرد، بەتایبەتی ناوچەی پیشەسازی کایسۆنگ و سەردانەکانی چیای کۆمگانگ. ئەم دوو پڕۆژەیەش سوودێکی ئابووری زۆریان بە کۆریای باکوور گەیاندووە لەکاتێکدا بەهۆی بەرنامە ناوەکی و موشەکییەکەیەوە سزای بەسەردا سەپێندراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG