Accessibility links

کۆریای باکوور دەڵێت نزیکەی 800,000 کەس خۆیان تۆمارکردووە بۆ شەڕکردن دژی ئەمەریکا


ڕۆژنامەیەکی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە کۆریای باکوور دەڵێت نزیکەی 800,000 کەس لە دانیشتوانەکەی خۆبەخشانە ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ پەیوەندیکردن بە سوپای وڵاتەکەوە و شەڕکردن دژی ئەمەریکا.

ڕۆژنامەی ڕۆدۆنگ سینمون بڵاویکردەوە تەنها لە ڕۆژی هەینیدا نزیکەی 800,000 خوێندکار و کرێکار لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ئارەزووی خۆیان پیشانداوە بۆ پەیوەندیکردن بە سوپاوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا.

ڕۆژنامەکە وتی " زیادبوونی پەرۆشیی گەنجان بۆ پەیوەندیکردن بە سوپاوە نیشاندانی خواستی جێگیری نەوەی گەنجانە بۆ لە ناوبردنی شێتەکانی جەنگ بە شێوەیەکی بێبەزەییانە، کە هەوڵی ناکۆتا دەدەن بۆ لە ناوبردنی وڵاتە سۆشیالیستە بە نرخەکەمان، هەروەها گەیشتن بە پرسی مەزنی یەکخستنەوەی نیشتیمانی بەبێ شکستهێنان و بە ئاشکرا دەرخستنی نیشتیمانپەروەرییان."

ئەم بانگەشەیەی کۆریای باکوور دوای ئەوە دێت ڕۆژی پێنجشەممە پیۆنگیانگ موشەکی باڵیستیکی کیشوەربڕی هواسۆنگ – 17 ی تاقیکردەوە، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ مەشقە هاوبەشە سەربازییەکەی کۆریای باشوور و ئەمەریکا.

کۆریای باکوور موشەکە کیشوەربڕەکەی هەڵدایە نێوان دوورگەی کۆریا و ژاپۆنەوە. ئەوەش چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی سەرۆکی کۆریای باشوور بەڕێبکەوێت بۆ ژاپۆن.

موشەکە باڵیستیکییەکانی کۆریای باکوور بەپێی بریارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغە کراون و تاقیکردنەوەی موشەکەکەش لەلایەن کۆریای باشوور و ئەمەریکا و ژاپۆنەوە سەرکۆنەکرا.

ڕۆژی دووشەممە مەشقە سەربازییە بەرفراوانە هاوبەشەکەی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور دەستیپێکرد، بە شێوەیەک کە لە ساڵی 2017 ەوە بەو فراوانییە نەبیندراوە، مەبەست لە مەشقەکەش ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی هەڕەشەکانی کۆریای باکوورە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG