Accessibility links

جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور سەردانی مۆسکۆ دەکات


دەزگای هەواڵی کیودۆی ژاپۆنی ئاماژەی بەوەدا جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور چوی سون هوی بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوتووە بەمەبەستی تاوتوێکردنی هەوڵەکانی وڵاتەکەی سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکادا.

چوی ڕابەرایەتی کۆریای باکوور دەکات لە دانوستانەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمەریکادا کە واشنتن هیوادارە ئەو گفتوگۆیانە ببنە هۆی داماڵینی چەکی ناوەکی و موشەکی کۆریای باکوور و لەبەرامبەریشدا لابردنی سزاکانی سەر پیۆنگیانگ.

لەدوای شدکستهێنانی کۆبوونەوەی دووەمی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لە ڤیێتنام لە مانگی دوودا، دانوستانەکان هیچ بەرەو پێشچوونێکیان بەخۆوە نەبینیوە.

دەزگای ڕاگەیاندنی کۆریای باکوور ئاماژەی بە سەردانەکەی چوی بۆ ڕوسیا نەداوە.

دەزگای هەواڵی کیودۆی ژاپۆنی بەبێ ئاماژەکردن بە سەرچاوەکەی وتی پێدەچێت چوی لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ڕوسیا تاوتوێی دانوستانەکان بکات لەگەڵ ئەمەریکادا.

جێی ئاماژەیە کۆریای باکوور دەیەوێت سەرەتا هەموو سزاکانی سەری لاببرێن بەڵام واشنتن سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت سەرەتا کیم جۆنگ ئون دەستبەرداری چەکە ناوەکییەکەی بێت ئینجا سزاکان لادەبرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG