Accessibility links

سەرچاوەکان: سەرەڕای سزاکان کۆریای باکوور خەڵوز هەناردەی سیئۆل و تۆکیۆ دەکات


سێ سەرچاوەی هەواڵگری ئەوروپای ڕۆژئاوا وتیان ساڵی ڕابردوو کۆریای باکوور بڕێک خەڵوزی ناردووە بۆ ڕوسیا و دواتر ئەو خەڵوزە گواستراوەتەوە بۆ کۆریای باشوور و ژاپۆن کە ئەوەش پێشێلکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ سەر پیۆنگیانگ.

جێی ئاماژەیە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ڕابردوو هەناردەکانی خەڵووزی کۆریای باکووری قەدەغەکرد ئەوەش وەکو سزایەک بۆ بڕینی سەرچاوەی چوونی دراوی بیانی بۆ پیۆنگیانگ کە پێویستی پێیەتی بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی.

سەرچاوەکان دەڵێن سەرەڕای سزاکان کۆریای باکوور بەلایەنی کەمەوە سێ جار خەڵووزی ناردووە بۆ بەندەری ناخۆدکا و خۆڵمسکی ڕوسیا و لەوێ بارە خەڵووزەکان داگیراون و دواتر بارکراونەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ کۆریای باشوور و ژاپۆن.

سەرچاوەیەکی ڕۆژئاواش کە لەبەشی بارەکان کاردەکات وتی هەندێک لە بارەکان لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوودا گەیشتوونەتە کۆریای باشوور و ژاپۆن. سەرچاوەیەکی ئەمەریکیش جەختی لە بوونی بازرگانی خەڵووز کردەوە لەڕێی ڕوسیاوە و وتیشی ‌هێشتا بەردەوامە.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی ئەوروپا کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بەهۆی هەستیاریی جیهان لەبارەی کۆریای باکوورەوە، وتی " ئێستا بەندەری ناخۆدکای ڕوسیا بۆتە سەنتەرێکی گرنگی بازرگانی خەڵووزی کۆریای باکوور."

لەلای خۆشیانەوە ڕوسیا ئەو هەواڵەنەی ڕەت کردەوە.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕوسیا وتی باڵیۆزخانەی مۆسکۆ لە کۆریای باکوور ئەو هەواڵانەی ڕەت کردۆتەوە سەبارەت بەوەی ڕوسیا دووبارە خەڵووزی کۆریای باکووری هەناردە کردبێتەوە سەرەڕای سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

دەزگاکە لە زاری بەرپرسێکی باڵیۆزخانەکەوە بڵاویکردەوە " ئەم زانیارییانە هەڵەن."

وتیشی " ڕوسیا خەڵووز لە کۆریای باکوور ناکڕێت و خاڵی تێپەڕبوونی بارە خەڵووزەکان نیە بۆ وڵاتی سێیەم."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG