Accessibility links

کۆریای باکوور بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بەرنامە ناوەکییەکەی جێی گفتوگۆکردن نیە


جێگری باڵیۆزی کۆریای باکوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێشی ڕاگەیاند کە بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور بەهیچ شێوەیەک ناخرێتە ژێر گفتوگۆکردنەوە هەتاوەکوو ئەمەریکا بەردەوام بێت لە سیاسەتە هەڕەشەیی و دوژمنانەییەکانی.

نوێنەری کۆریای باکوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند گۆتێرێش بە تەلەفون قسەی لەگەڵ جێگری باڵیۆز کیم ئین ڕیۆنگ و باڵیۆزی کۆریای باکوور جا سۆنگدا کردووە.

لە بەیاننامەکەی نوێنەری کۆریای باکووردا هاتووە دەڵێت لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا کیم بە گۆتێرێشی وتووە " هەتاوەکوو ئەمەریکا بەردەوام بێت لە هەڕەشە ناوەکیی و دوژمنانەییەکانی ئەوا کۆریای باکوور بەرنامە ناوەکییەکەی ناخاتە سەر مێزی گفتوگۆکردن."

ڕۆژی چوارشەممە گۆتێرێش وتی کاتی ئەوە هاتووە شەڕی لێدوانەکان بوەستێت و هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی سەبارەت بە کۆریای باکوور و هەروەها بە ڕوسیا و ژاپۆن و ئەمەریکا و چین و کۆریای باکوور و کۆریای باشووری ڕاگەیاند ئەو ئامادەیە نێوەندگیری بکات لە گفتوگۆکاندا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG