Accessibility links

کۆریای باکوور باس لە ووردەکارییەکانی پلانی لێدانی گوام دەکات


کۆریای باکوور وتی ئاگادارکردنەوەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ قسەی بێ مانان و باسی لە وردەکارییەکانی پلانی خستنە خوارەوەی موشەکە ئەمەریکیەکانی کرد لە نزیک دوورگەی گوام لە زەریای هێمن.

ئاڵۆزیەکانی نێوان کۆریای باکوور و ئەمەریکا زیاتر بوو بەهۆی خێرایی گەشەپێدانی چەکە ناوەکییەکانی کۆریای باکوور کە لەتوانایاندا هەیە بگەنە خاکی ئەمەریکا و جەنگی لێدوانەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکە و بووە هۆی نیگەرانی هێزەکانی جیهان و وەبەرهێنەران.

لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ وای لە کۆریای باکوور کرد بیر لە پلانێک بکاتەوە بۆ هێرشکردنە سەر دوورگەی گوام و کۆریای باکوور ڕایگەیاند پلانەکەیان بۆ هاویشتنی چوار موشەکی مەودا ناوەند بەسەر ژاپۆندا لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە کە دەگاتە نزیکەی 30 بۆ 40 کیلۆمەتر دوور لە گوامەوە.

گوام دەکەوێتە 3000 کیلۆمەتر باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆریای باکوورەوە و ڕێژەی دانیشتوانی دەگاتە 163 هەزار هاوڵاتی و بنکەی سەربازیی ئەمەریکی تێدایە کە ژێردەریایی و بنکەی ئاسمانی و کۆمەڵێک کەشتی جەنگی دەریایی تێدایە.

دەزگای هەواڵی کۆریای باکوور ڕایگەیاند " مەحاڵە گفتوگۆ لەگەڵ ترامپدا بکرێت و تەنها بە زمانی هێز تێدەگات."

دەزگاکە لە زاری جەنەڕاڵ کیم ڕاک گیۆمی سەرکردەی هێزە ستراتیژییەکانی سوپای گەلی کۆریا بڵاویکردەوە جەنەڕاڵ وتوویەتی سوپا لەناوەڕاستی مانگی هەشتدا پلانەکە تەواو دەکات و ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی پێشکەشی سەرکردەی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئونی بکەن بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات بۆ جێبەجێکردنی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG