Accessibility links

کۆریای باکوور دەڵێت تاقیکردنەوە موشەکییەکەی ئەمەریکا و جووڵە سەربازییەکان مەترسیدارن


وتەبێژی کۆریای باکوور وتی تاقیکردنەوە موشەکییەکەی ئەمەریکا لەمدواییانەدا و پلانەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 و چەکەکانی لە دەوروبەری نیمچە دوورگەی کۆریادا بە جووڵەیەکی سەربازیی " مەترسیدار " دادەنرێن و لەوانەیە ببێتە هۆی " هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێی سارد لە ناوچەکەدا."

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور لەزاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوورەوە بڵاویکردەوە پیۆنگیانگ هێشتا لەسەر هەڵوێستی خۆیەتی بۆ چارەسەرکردنی هەموو بابەتەکان لەڕیی گفتوگۆ و وتوێژەوە بەڵام " ئەو وتوێژانەی کە بە هەڕەشەی سەربازیی دەکرێن هیچ گرنگییەکی نیە بەلای ئێمەوە."

وتیشی " جووڵە سەربازییە مەترسیدار و نائاساییەکان لە ئێستادا لە لوتکەدان و ئەوەش لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگێکی نوێی سارد لە نیمچە دوورگەی کۆریا و ناوچەکەدا."

جێی ئاماژەیە لەدوای کۆبوونەوەکەی دووەمی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئونەوە هێشتا وتوێژەکان لەسەر ئاستی کار لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەستی پێنەکردۆتەوە.

نوێنەری ئەمەریکا ستیڤن بایگۆن کە ڕابەرایەتی وتوێژەکان لەگەڵ کۆریای باکووردا دەکات لە ڕۆژی سێشەممەوە لە کۆریای باشوورە، دوای ئەوەی سەردانی ژاپۆنی کرد بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر داماڵینی چەکی ناوەکیی کۆریای باکوور.

لەلایەکی دیکەوە جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی کۆریای باشوور کیم هیون چۆنگ وتی واپێشبینی دەکرێت بەمزووانە ئەمەریکا و کۆریای باکوور وتوێژەکانیان سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکیی دەست پێبکەنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG