Accessibility links

ئەمەریکا و کۆریای باشور دەڵێن تاقیکردنەوەیەکی موشەکی کۆریای باکور شکستی هێنا


لەشکری ئەمەریکا و وەزارەتی بەرگری کۆریای باشور دەڵێن کۆریای باکور ئەمڕۆ چوارشەممە موشەکێکی هەڵداوە و پاش چەند چرکەیەک شکستی هێناوە و تەقیوەتەوە.

دەیڤ بێنهام وتەبێژی فەرماندەیەتی ئەمەریکا لە پاسفیک وتی بەیانی چوارشەممە کۆریای باکور لە نیمچە دورکەی کالما لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە موشەکێکی هەڵداوە و پاش چەند چرکەیەک لە ئاسماندا تەقیوەتەوە. وتیشی لە هەوڵدان هەتا زانیاری زیاتریان لە بارەیەوە دەستبکەوێت.

وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوریش وتی کۆریای باکور هەوڵی داوە یەکێک لەو موشەکانەی تاقی بکاتەوە کە دەتوانێت کڵاوەی ناوکی هەڵبگرن، بەڵام شکستی هێناوە.

ئاژانسی هەواڵی یونهاپی کۆریای باشور دەڵێت پـێدەچێت موشەکەکە تەقیبێتەوە بەر لەوەی بگاتە بەرزاییەک کە ڕادارەکانی کۆریای باشور بتوانن بەدی بکەن.

هەڵدانی ئەم موشەکە لە کاتێکدا بوو کە جۆزێف یون نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا بۆ پرسی بەرنامەی ناوکی کۆریای باکور لەگەڵ هاوتاکەی لە کۆریای باشور کۆدبۆوە بە مەبەستی چۆنیەتی کاردانەوە بەرامبەر بەرنامەکانی چەکی کۆریای باکور.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG