Accessibility links

کۆریای باکوور دوو موشەک هەڵدەدات و داوا لە واشنتن دەکات وتوێژەکان دەست پێبکەنەوە


دەزگای هەواڵی کۆریای باشوور وتی کۆریای باکوور دوو موشەکی هەڵداوە بە ئاڕاستەی دەریا، ئەمەش لەکاتێکدایە پیۆنگیانگ داوای لە واشنتن کرد لە کۆتای مانگی نۆدا وتوێژەکانی نێوانیان دەست پێبکەنەوە.

سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا وتی دوو موشەکەکە لە ناوچەی کایشۆنەوە لە پارێزگای پیۆنگانی باشوور لە ناوەڕاستی کۆریای باکوورەوە هەڵدراون و دوای ئەوەی نزیکەی 330 کم ڕۆشتوون کەوتوونەتە ناو دەریای ژاپۆن " دەریای ڕۆژهەڵات "ەوە.

وتیشی " داوا لە کۆریای باکوور دەکەین سنوورێک دابنێت بۆ ئەم کارانە کە دەبنە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا."

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئەمەریکا وتی ئاگاداری تاقیکردنەوە موشەکییە نوێیەکەی کۆریای باکوورن، جەختیشی لەوە کردەوە واشنتن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا چاودێری ڕەوشەکە دەکەن.

ئەم تاقیکردنەوە موشەکییەی کۆریای باکوور لەکاتێکدایە پیۆنگیانگ داوای لە واشنتن کردووە وتوێژەکانی نێوانیان سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکی دەست پێبکەنەوە، سەرۆکی ئەمەریکاش دانۆڵد ترامپ پێشوازی لەم داوایەی کۆریای باکوور کرد.

جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور چوی سون لە بەیاننامەیەکدا وتی " دەمانەوێت ڕووبەڕوو لە کۆتای مانگی نۆدا لەگەڵ ئەمەریکادا کۆببینەوە لە کات و شوێنێکدا کە بتوانین هەردوولامان ڕێبکەوین لەسەری."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG