Accessibility links

کۆریای باکوور چاو دەخشێنێتەوە بە کۆبوونەوەکەی داهاتووی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا


کۆبوونەوە لوتکە چاوەڕوانکراوەکەی مانگی داهاتووی نێوان ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کەوتۆتە جێی گومانەوە دوای ئەوەی پیۆنگیانگ ڕایگەیاند چاو دەخشێنێتەوە بە کۆبوونەوەکەدا ئەگەر هاتوو واشنتن سوور بێت لەسەر نەهێشتنی چەکی ناوەکی لەلایەن یەک لاوە.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاند پیۆنگیانگ گفتوگۆ ئاست بەرزەکەی لەگەڵ سیئۆلدا هەڵوەشاندۆتەوە کە ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بوونی کێشە کە ڕووبەڕووی باشبوونی پەیوەندییەکانیان دەبێتەوە.

دەزگاکە لە زاری جێگری یەکەمی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆریای باکوور کیم کای جوانەوە بڵاویکردەوە چارەنووسی کۆبوونەوەکەی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوور و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بەندە بەوەوە کە ئەگەر واشنتن باس لە نەهێشتنی چەکی ناوەکی بکات نەک ئەوەی کە لە لیبیا ڕوویدا.

وتیشی ئەگەر ئەمەریکا هەوڵ بدات فشار بخاتە سەر کۆریای باکوور تاوەکو پیۆنگیانگ بە تەنها دەستبەرداری بەرنامە ناوەکییەکەی بێت ئەوا ئێمە هیچ گرنگییەک نادەین بەم جۆرە گفتوگۆیانە و تەنها دەتوانین چاو بخشێنینەوە بە سازدانی کۆبوونەوەکەی نێوان کۆریای باکوور و ئەمەریکادا.

وتیشی " ئێمە بە ئاشکرا نیازی خۆمان دەرخست بۆ نەهێشتنی چەکی ناوەکی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا و بە ئاشکرا چەند جارێک وتمان کە مەرجی پێشوەختە بۆ نەهێشتنی چەکی ناوەکیی ئەوەیە کە دەبێت سیاسەتە دوژمنکارییەکان دژی کۆریای باکوور و هەڕەشە ناوەکییەکان لەلایەن ئەمەریکاوە کۆتاییان پێ بێت."

کۆریای باکوور ڕایگەیاند هەفتەی داهاتوو شوێنی تاقیکردنەوە ناوەکییەکان دادەخات و وابڕیارە لە 12 ی مانگی شەشدا کیم جۆنگ ئون سەرۆک ترامپ لە سنگاپوور کۆببنەوە.

لەلای خۆیەوە چین وتی پێویستە لەسەر هەموو لایەنەکان نیاز پاکی و ڕاستگۆیی دەربخەن بۆ ڕەخساندنی ڕەوشێکی لەبار بۆ نەهێشتنی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا، ئەوەش دوای ئەوەی کۆریای باکوور گومانی خستە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەیانەوە لەگەڵ ئەمەریکادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG