Accessibility links

ژاپۆن ناڕەزایی توند دەردەبڕێت لە بەرامبەر هەڵدانی موشەک لە لایەن کۆریای باکورەوە


سەرۆک وەزیری ژاپۆن ناڕەزاییەکی توندی ئاڕاستەی کۆریای باکور کرد لە بەرامبەر هەڵدانی 4 موشەکی بالیستی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە.

شینزۆ ئابێ ئەمڕۆ لە تۆکیۆ بە پەرلەمانی وڵاتەکەی وت بەیانی ئەمڕۆ کۆریای باکور لە یەک کاتدا 4 موشەکی هەڵداوە کە نزیکەی 1000 کیلۆمەتریان بڕیوە، 3 لەو مووشەکانە کەوتونەتە ناوچەی ئابوری ژاپـۆن ناسراو بە EEZکە دەکەوێتە نێو ئاوی دەریادا.

هەوروەها ئابێ وتی ئەمە کارێکی مەترسیدارە و پێشێلکردنێکی ڕوونی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە. وتیشی هەڵدانی ئەم مووشەکانە بە ڕوونی پیشانی دەدات هەڕەشەیەکی نوێ لە لایەن کۆریای باکورەوە هەیە.

لە لایەکی تر خانم تۆمۆمی ئینادا وەزیری بەرگری ژاپۆن وتی 3 مووشەکەکەی لە نزیک ژاپۆنەوە کەوتبوون لە نێوان 300 بۆ 350 کیلۆمەتر لە کەنارەکانی وڵاتەکەیەوە دوربوون.

کاربەدەستانی ژاپۆن دەڵێن هیچ هەواڵێکیان نەبیستووە باس لەوە بکات زیان بەر کەشتی یان فڕۆکە کەوتبێت بەهۆی هەڵدانی ئەو موشەکانە.

لە سیئۆلیش، هوانگ کیۆ ئان، ئەوەی کارەکانی سەرۆکایەتی کۆریای باشور ڕایی دەکات لەوەتەی خانم (پاک گیون هی) متمانەی سەرۆکایەتی لێسەندراوەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی کرد و وتی دەبێت بە پەلە سیستمی بەرگری موشەکی جۆری تاد لە وڵاتەکەیان دابمەزرێنن و هەروەها سیستمێکی بەرگری موشەکیان دەستبکەوێت لە دژی موشەکە ئەتۆمیەکانی کۆریای باکور.

دەستەی ئەرکانی لەشکری کۆریای باشور لای خۆیەوە وتی موشەکەکان لە کاژمێر 7:36 ی بەیانی بە کاتی خۆجێی هەڵدراون لە ناوچەی تۆنگچانگ- ڕی Tongchang-ri لە نزیک سنووری کۆریای باکور لەگەڵ چین کە لەوێ بنکەیەکی موشەکی هەیە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG