سوپای کۆریای باشوور دەڵێت کۆریای باکوور دوو موشەکی باڵیستیکی مەودا کورتی هەڵداوەتە کەناری ڕۆژهەڵاتی کۆریای باکوورەوە، ئەوەش لە کاتێکدا کە هێزەکانی کۆریای باشوور کۆتاییان دەهێنا بە مەشقە سەربازییەکەیان کە نزیکەی دوو هەفتەی خایاند و ئامانج لێی بەرپەرچدانەوەی باکوور بووە.
هەڵدانی موشەکەکان لە کاتێکدا بوو کە نیگەرانییەکان سەبارەت بەوەی کۆریای باکوور ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی حەوتەمین تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی زیاتر دەبێت. لەم ساڵدا کۆریای باکوور ژمارەیەکی پێوانەیی موشەکی تاقیکردۆتەوە، لە موشەکە مەودا کورتە باڵیستیکییەکانیەوە بۆ موشەکە کیشوەربڕ و ئەوانی دیکەی.
سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور وتی موشەکە مەودا کورتە باڵیستیکییەکان لە ناوچەی تۆنگچیۆنی هەرێمی گانگۆنی کۆریای باکوورەوە هەڵدراون.
گوتیشی " سوپاکەمان لە دۆخی ئامادەییەکی تەواودایە." گوتیشی ئەرکەکانی چاودێری و ئاسایشی زیاتر کردووە و لە هەمان کاتیشدا لە نزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکادا دەکات.
سەرکردایەتی سەربازیی ئەمەریکا لە ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک وتی هەڵدانی موشەکەکان هەڕەشەیان لەسەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دروست نەکردووە.
گوتیشی " بەڵام تیشکیان خستە سەر کاریگەرییە تێکدەرانەکەی چەکە نایاساییە کۆمەڵکوژەکان و بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەی کۆریای باکوور."
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا گوتی کۆریای باکوور لە بەشی ناوەڕاستی وڵاتەکەوە دوو موشەکی باڵیستیکی هەڵداوە.
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور وتی نوێنەرانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن بۆ کاروباری ئەتۆمی لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە گفتوگۆیان کردووە و سەرکۆنەی هەڵدانی موشەکەکانیان کردووە، هەروەها بە پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوییان بردووە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا گوتی " گەشەسەندنی موشەک و چەکە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور تەنها دەبێتە هۆی پتەوتربوونی هاریکارییە ئاسایشییەکان لە ناوچەکە و دەرەوەشدا." داواشی لە کۆریای باکوور کرد بگەڕێتەوە سەر گفتوگۆکان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز